رۆژنامه‌یه‌كى له‌نده‌نى بڵاوى كردووه‌ته‌وه، پاتریك شاناهانى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا بۆ پێدانى پلانێكى نوێ به حكوومه‌تى عێراق، سه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌ى كردووه، به‌شێك له پلانه‌كه‌یش ئه‌وه‌یه كورد و سوننه له هه‌ژموونى ئێران به‌دوور بگرێت.
رۆژنامه‌ى "
عه‌ره‌ب"ى له‌نده‌نى ئه‌مڕۆ راپۆرتێكى له باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى وه‌زیرى به‌رگریى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بڵاو كردووه‌ته‌وه كه دوێنێ بۆ عێراق ئه‌نجامى دا، له‌میانه‌ى راپۆرته‌كه‌یش به پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه عێراقییه‌كان رۆژنامه‌ى له‌نده‌نییه‌كه دووپاتى ده‌كاته‌وه، وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا چه‌ندان په‌یامى هه‌بووه.
دوێنێ پاتریك شاناهان وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا به‌وه‌كاله‌ت له سه‌ردانێكى رانه‌گه‌یه‌نراو گه‌یشته به‌غدا، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى سه‌ربازى ئه‌مه‌ریكا و به‌رپرسانى عێراق كۆبووه‌وه، ئه‌م سه‌ردانه له كاتێكدا دێت، لایه‌نه‌كانى شیعه‌ى عێراق له‌وپه‌ڕى نیگه‌رانین له به‌رانبه‌ر مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له عێراق، بۆ ئه‌مه‌ش پڕۆژهیهكان به په‌رله‌مانى عێراق داوه.
هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه كه‌متر له دوو مانگه دۆناڵد تره‌مپ دووجار به‌رپرسانى عێراقى تووڕه كردووه، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌بوو كه له كۆتایى ساڵى رابردوو سه‌ردانى عێراقى كرد و دووه‌میشیان ئه‌وه‌بوو دۆناڵد ته‌ره‌مپ گوتى "هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بۆ چاودێریكردنى ئێران له عێراق ده‌مێننه‌وه".
رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب ده‌ڵێ "یه‌كێك له په‌یامه‌كانى وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا بۆ میلیشیا شیعه‌كانى عێراق و تاران ئه‌وه‌بوو واشنتن رژده له‌سه‌رئه‌وه‌ى له عێراق رووبه‌ڕووى ئه‌زموونى ئێران ببێته‌وه".
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى عێراقى به رۆژنامه‌كه‌یان گوتووه، "به‌رپرسه باڵاكه‌ى ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وه سه‌ردانى عێراقى كرد تا بۆ سه‌ركرده‌كانى عێراق ى روون بكاته‌وه، بۆچى پێویسته له ماوه‌ى چه‌ند مانگى داهاتوودا ئاستى مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له عێراق به‌هێز بكرێت"، ئه‌مه‌یش به‌شێكه له جێبه‌جێكردنى ستراتیجى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا كه ئامانج لێى چاودێریكردنى چالاكى ئێرانه له خاكى عێراقه‌وه.
سه‌رچاوه‌كان دووپاتیان كردووه‌ته‌وه "ئامانجى سه‌ره‌كى سه‌ردانه‌كه‌ى شاناهان روونكردنه‌وه‌ى پلانى كارى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكایه بۆ قۆناغى داهاتوو".
رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب" ئاماژه‌ى بۆ به‌شێكى تر‌ى پلانه نوێیه‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكى كردووه له عێراق، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه مانه‌وه‌ى سه‌ربازى ئه‌مه‌ریكا له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك به‌هێز بكات، به‌تایبه‌تى ئه‌و ناوچانه‌ى زۆربه‌ى دانیشتووانیان كورد و سوننه‌ن، مه‌به‌ست له‌و ناوچانه‌یش هه‌رێمى كوردستان و رۆژئاواى عێراقه، مه‌به‌ستى سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه پێكهاته‌ى كورد و سوننه له هه‌ژموونى ئێران بپارێزرێن.
بۆ سه‌لماندنى ئه‌و قسانه‌یش رۆژنامه‌كه وه‌ك به‌ڵگه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌مه‌ریكا ژماره‌یه‌كى زۆر هێزى ره‌وانه‌ى بنكه سه‌ربازییه‌كانى خۆى كردووه له هه‌ولێر و مووسڵ و سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبار.
سه‌ره‌ڕاى ره‌وانه‌كردنى هێزى زیاتر بۆ ئه‌و بنكانه، ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵى داوه له باشوورى مووسڵ له بنكه‌ى سه‌ربازى گه‌یاره و بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى له "به‌له‌د" نزیك شارى تكریت بوونى خۆى به‌هێز بكات.
به‌پێى گوته‌ى چاودێران پلانه نوێیه‌كه‌ى ئه‌مه‌ریكا له‌لایه‌ن كورد و سوننه‌وه پێشوازى لێ ده‌كرێت، ئه‌مه‌یش بۆ دانانى سنوورێكه بۆ ده‌سه‌ڵاتى ئێران، كه هه‌وڵ ده‌دات له ناوه‌ڕاست و باشوورى عێراقه‌وه به‌ره‌و باكور ورۆژئاواى عێراق بكشێ.
به‌رله‌وه‌ى پاتریك شاناهان بگاته به‌غدا له ناو فڕۆكه چه‌ند لێدوانێكى به‌و رۆژنامه‌نووسانه دابوو كه له گه‌شته‌كه‌ى یاوه‌رییان ده‌كرد، یه‌كێك له لێدوانه‌كانى ئه‌وه‌بوو "ده‌یه‌وێ له نزیكه‌وه گوێ له نیگه‌رانى عێراقییه‌كان بگرێت".
له به‌رانبه‌ر ئه‌م رسته‌یه‌ى شاناهان، چاودێرێكى سیاسى عێراقى ده‌ڵێ، "سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌بوو له‌لایه‌كه‌وه حكوومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى دڵنیا بكاته‌وه له‌وه‌ى عێراق بنكه‌یه‌ك نابێت بۆ لێدانى ئه‌مه‌ریكا، له‌لایه‌كى تریشه‌وه ده‌یه‌وێ گوشار بۆ سه‌ر میلیشیاكان دروست بكات، بۆئه‌وه‌ى چیتر ئه‌وانیش گوشار بۆ حكوومه‌ت نه‌هێنن تا به‌و رێككه‌وتنه دابچێته‌وه كه له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا واژووى كردووه".
چاودێره سیاسییه‌كه دووپاتیشى ده‌كاته‌وه كه ئه‌مه‌ریكا پلانى چاودێریی ئێران له عێراق جێبه‌جێ ده‌كات.
له 19ى مانگى كانوونى یه‌كه‌م/ دیسێمبهرى رابردوو دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا بڕیارى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكاى له سووریا راگه‌یاند، هاوكات دواى چه‌ند رۆژێك له راگه‌یاندنى ئه‌م بڕیاره له سه‌ردانێكى له‌ناكاو تره‌مپ بێ ئه‌وه‌ى به‌رپرسانى عێراق ئاگادار بن، گه‌یشته بنكه‌ى سه‌ربازیى ئه‌مه‌ریكا له ئه‌نبار ئه‌مه‌یش عێراقییه‌كانى تووڕه‌كرد و دواتریش تره‌مپ راى گه‌یاند ئه‌ركى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق ئه‌وه ده‌بێت چاودێرى ئێران بكه‌ن.