سەرمایەی بانكێك لە هەولێر بلۆك دەكرێ‌

:: PM:05:36:13/02/2019 ‌

ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆمەتی كۆمەك كردنی تیرۆر، سەرمایەی بانكی "ئافاق دوبەی" بۆ نێوەندگیری و كڕین و فرۆشتنی دراو لە هەولێر، بلۆك دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی شوبات/ فێبرایەر، بەپێی بڕیاری ژمارە پێنجی لیژنەی سڕكردنی سەرمایەی تیرۆر، ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بڕیاری بلۆك كردنی سەرمایەی بانكی "ئافاق دوبەی" لە هەولێر راگەیاند. بەپێی ناوەڕۆكی بڕیارەكە بێت، بانكەكە 51%ی پشكەكانی هی ئاكار ئەكرەم عوسمان جێگری بەڕێوەبەر و 49%ی بەناوی عومەر عەبدولحەلیم مەتنی بەڕێوەبەری بانكەكەیە.

هەر لە نووسراوە فەرمییەكەی ئەمیندارییەتی هاتووە كە سەرمایەی گواستراوە و نا گوازراوەی بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەری بانكەكە دەبێت دەستی بەسەردا بگیردرێت و بڕیارەكەش لە رۆژی دەرچوونی كە شەشی ئەم مانگەیە جێبەجێ دەكرێت و گشتاندنیشی بۆ دەكرێت بۆ سەرجەم وەزارەتەكان و فەرمانگە نەبەستراوەكان بە وەزارەتەكان و پارێزگاكان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان و هەموو دامەزراوە داراییەكانی عێراقی بە مەبەستی گرتنەبەری رێكاری پێویست دژ بە بانكی ئافاق دوبەی.


ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران، تۆمەتی ئەوەی داوەتە پاڵ بانكەكە كە هەڵساوە بە حەواڵە كردنی پارە بۆ بەرژەوەندی داعش بۆ سووریا و عێراق و خزمەت و كۆمەكی دارایی و تەكنەلۆجی داعشی كردووە، دەڵێ بانكی ئافاق دوبەی بەشێكە لەو تۆڕە داراییەی كە پشتگیری لە داعش دەكەن و خزمەتگوزاری دارایی و حەوالەی بۆ دەكەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
 

بانكی ئافاق دوبەی لە ئۆكتۆبەری 2018 لەلایەن وەزارەتی دارایی ئەمەریكاش خراوەتە لیستی رەش بە هەمان تۆمەت، وەزارەتەكەش دەڵێ، بانكەكە هیچ پێوەندییەكی بە ئیماڕات نییە ئەگەرچی ناوەكەی بە ناوی دوبەیە، لقی بانكەكە لە عێراقیش لە شارەكانی بەغدا و هەولێرە، لە سەرەتای ساڵی 2018وە كاری سپی كردنەوەی پارە دەكەن.






وشە - فه‌رمان سادق