عێراق.. كوشتنی بە مەبەست كۆنترۆڵ ناكرێت

:: PM:06:20:13/02/2019 ‌

لە ماوەی 16 ساڵی رابردوودا دەسەڵاتدارانی عێراق تا ئێستەیش نەیانتوانیوە تێوەگلاوانی راستەقینە لە رووداوەكانی كوشتن دیاری بكەن، شارەزایەكی یاساییش دەڵێت، زنجیرەی كوشتن لە عێراق بە بەردەوام لەسەر كەسانی نەناسراو حسێب كراوە و هەموو لیژنەكانی لە دوای 2003 بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنراون، نەیانتوانیوە دۆسیەكانی گەندەڵی و تاوانكاران لە رووداوەكانی كوشتن دیاری بكەن.

نایف جبووری دەڵێت، لە عێراق كە نزیكەی ملیۆنێك كارمەندی دەزگا تەناهییەكان هەن، نەتوانراوە هیچ لێكۆڵینەوەیەكی تاوانكاری ئاشكرا بكرێت، ئەوەیش ئاماژەیەكە بۆ پشێوییەكی گەورەی تەناهی كە ساڵانێكە ئەو وڵاتە تیایدا دەژیت.

ئەحمەد عەزیز شرۆڤەكاری سیاسی لەو بارەوە دەڵێت، لە عێراق دەنگی گولە لە دەنگی پێنووس و هزر بەهێزترە و دوژمنانی گەلی عێراق هیچ بوارێكیان نەداوە بۆ دەربڕینی بۆچوونی گەل و شەقامی ئەو وڵاتە. زیاتر گوتی، خاڵی هاوبەش لە نێوان هەموو ئەوانەی لە عێراق كوژراون بریتییە لەوەی بەرهەڵستی دەستوەردانی دەرەكی بوونە لە عێراق بەتایبەتی لەلایەن ئێرانەوە، ئاماژەی كرد، هەریەك لە سوعاد ئەلعلی و ویسام غەراوی و عەلا مەشزووب  و هیتریش ئەوان دژی بوونی ئێران بوون لە عێراق. بۆیە دەزگا تەناهییەكانی عێراق تەنیا كات دەكوژن بۆ فێڵكردن لە خەڵك كە ئەویش بەهۆی بوونی ئینتەرنێت و ماڵپەڕە كۆمەڵایەتییەكان سوودی بۆ ئەوان نەماوە.

چاودێران دەڵێن گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران لەپشت ئەو كارانە وەستاون، ریاز علی، شارەزای تەناهی دەڵێت، ساڵانی رابردوو كوشتنی سەتان كەسی لە عێراق بەخۆیەوە بینی، كە دواتر دەركەوت ئەوانە ناویان لەناو لیستی كوشتن لەلایەن باڵوێزخانەی ئێرانەوە هەبووە. بۆیە هەوڵ هەیە بۆ لەناوبردنی هەموو ئەو كەسانەی قسە دەكەن و لەلایەن گەنجانی عێراقەوە گوێیان لێ دەگیرێت، بۆیە ئەوەی روو دەدات هەمیشە بە زانیاری حكوومەت و دەزگا تەناهییەكان بووە كە نەیتوانیوە چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەت بێڵێتەوە.  

یاسر حەمدانی چالاكی مەدەنی دەڵێت، ژمارەیەكی زۆر لە چالاكانی مەدەنی دەستیان كردووە بە دووركەوتننەوە لە دەربڕینی بۆچوونی خۆیان لە لاپەڕەی خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە ترسی هەڕشەلێكردن و كوشتنیان. هەندێكیشیان لاپەڕی وەهمیان داناوە و بەناوی خوازراوەوە شت بڵاو دەكەنەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی باجی قسەكردن لە عێراق بووتە گولەیەك لە سەری قسەكەر، دووپاتی كردەوە كە لە تاوانەكانی كوشتنی چالاك و ئەدیب و بیرمەندان هەمیشە تاوانكار كەسانی نەناسراو دەبن، لە وڵاتێك كە 16 ساڵە تا ئێستە دەزگا تەناهییەكانی نەیانتوانیوە تاوانكاری راستەقینە ئاشكرا بكەن.

بەم دواییە پرۆسەیەك بۆ داخستنی ژمارەیەك بارەگای وەهمی حەشدی شەعبی لە چەند پارێزگایەكی عێراق دەستی پێ كردووە، ئەوەیش لەلایەك كە خۆیان باسی دەكەن لە چوارچێوەی هەڵمەتێكە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی كە حكومەتی عادل عەبدولمەهدی دەستی پێ كردووە، لەلایەكی تریش وەك باس دەكرێت وەك پاكتاو یەكلاكردنەوەی ململانێی نێوان باڵەكانی حەشدی شەعبییە كە تیایدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سەر بە حەشد هەشت  بارەگای وەهمی لە بەغدا داخست و ئامادەسازیش بۆ داخستنی 100 بارەگای تری وەهمی دەكات.

بەپێی زانیارییەكان زۆرینەی ئەو بارەگایانەی داخراون سەر بە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراقن، لەوكاتەی بەشێك لەلایەنە عێراقییەكان دەزگای ئاسایشی سەر بە حەشدی شەعبی بە ئەنجامدانی تاوانەكانی كوشتن تۆنەتبار دەكەن بۆ بەرهەڵستكارانی بوونی ئێران لە عێراق.

دوای دروستبوونی لە 2014 پەنجەی تۆمەت ئاراستەی حەشدی شەعبی دەكرێت بۆ زۆرینەی تاوانەكانی بەتایبەتی لە ناوچە ئارامەكان وەك بەغدا روو دەدات، ئەوان بە دزین و تاڵانكردنی سامان و موڵكوماڵی تایبەت و گشتی تۆمەتبار دەكرێن، بێجگە لە دزینی دامەزراوەكان و نەوت لە كێڵگە نەوتییەكان و هیتریش، جگە لەوەیش ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بێ هیچ چاودێرییەكی حكوومەت خەڵك دەگرێت، بۆیە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بووەتە ئامرازێك بۆ سەركوتكردنی بەرهەڵستكارانی سیاسی لە عێراق.   

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی حەشدی شەعبی لە سەرەتای 2015 دامەزراوە لە دوای زیادبوونی ژمارەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاسایشی ناوخۆی حەشد، ئەو زیاتر لە دەزگای ئاسایشی حزبوڵای لبنانی دەچێت كە رۆڵێكی هاوشێوەی لە عێراق هەیە، سەلام مووسەوی چاكی مەدەنی لە بەسڕە دەڵێت، زۆرینەی ئەو كەسە دەمامكدارانەی لە شەقامەكانی بەسڕە بڵاو بوونەوە لە كاتی خۆپێشاندانەكاندا سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییە بوون و ئەوان لەگەڵ خەڵكەكە تێكەڵ دەبوون بۆ ناسینەوەیان و دواتر گرتنیان. دووپاتی كردەوە، هەموو كارەكانی كوشتن بە پیشەگەرانە ئەنجام دراون و خەڵكی بەسڕە پێیان وایە كە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لەپشتەوەیانە، بەتایبەتی كوشتنی عەلا مەشزووب لە كەربەلا. 

حەسەن عوبێدی، شرۆڤەكاری تەناهی دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی حەشد باڵی تەناهی هەواڵگری سوپای پاسدارانی ئێرانە لە عێراق كە پاڵپشتییەكی دارایی تایبەتی هەیە و یەكەكانیشی مەشقی پێشكەوتوویان پێ كراوە، جیا لە بوونی ئامراز و ئامێری پێشكەوتوو لای ئەوان.

دووپاتی كردەوە، بەڵام دۆخەكە وا بەردەوام نابێت، چونكە ئەمەریكا كار بۆ بچووككردنەوەی بەهەنگاوی حەشدی شەعبی دەكات و دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا رێگە بە ئێران نادات كە دەزگایەكی تەناهی لە عێراق دامەزرێنێت وەك ئەوەی حزبوڵای لبنانی لە لبنان دایمەزراند، بۆیە چەند مانگی داهاتوو گۆڕانكاری گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل