وارشۆ.. ئەمەریكا نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە

:: PM:07:33:13/02/2019 ‌

ئەمڕۆ و سبەی كارەكانی كۆنگرەی وارشۆ لە پۆڵەندا بە بەشداری بەرپرس و وەزیرانی دەرەوەی  60 دەوڵەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بەڕێوە دەچێت و تیایدا ئەمەریكا دەیەوێت فشارەكانی سەر ئێران زیاتر بكات، لەناو مەترسی وڵاتانی ئەوروپا بە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان لەگەڵ ئێران، هاوكات بۆ چارەسەركردنی كێشەی فەڵەستینیش پلانی دەستەوارەی سەتە دەخاتە روو.

لەو كۆبوونەوەیە وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فڕەنسا بەشداری ناكەن، ئەویەش بەهۆی هەڵوێستی ئەمەریكا لە بەرانبەر ئێران و پاشەكشەی لە رێككەوتننی ئەتۆمی و سەپاندنی سزاكان بەسەر تاران، هاوكات فیدریكا مۆگرینی، وەزیری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا ئەویش بەشدار نابێت لەبەر پابەندی بە كاری ترەوە و بڕیارە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رۆژی هەینی سەردانی برووكسڵ بكات و لەگەڵیدا كۆببێتەوە.

گەورە بەرپرسێكی ئەمەریكا لەبارەی كۆنگرەكەوە دەڵێت، گفتوگۆ لەبارەی دەسەڵاتەكانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت كە باسی ئەوە دەكەین دەتوانین چی بكەین بۆ ناچاركردنی ئێران كە بكەوێتە دۆخێكی باشتر و نەهێشتنی ئاكارە زیانبەخشەكانی لە ناوچەكەدا.

هاوكات لەو كۆنگرەدا گارید كۆشنێر راوێژكاری كۆشكی سپی و زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا قسە دەكات لەبارەی پلانەكانی واشنتن بۆ ئاشتی لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل كە ئەوەیش یەكەم بۆنەیە كە ئەمەریكا بە ئاشكرا باسی هەوڵەكانی ئەمەریكا لەو بارەوە بكات.

لیستی ئامادەبوون و نەبوونی بەرپرسانی ئەو وڵاتانەی بڕیارە بەشداری لە كۆنگرەكە بكەن دەری دەخات كە ناكۆكییەك لە نێوان ئەو وڵاتانەدا هەیە، بەتایبەتی لە نێوان ئەوروپا و ئەمەریكا لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران، بیوتەر بۆراس بەڕێوەبەری نووسینگەی وارسۆ لە ئەنجوومەنی ئەوروپا بۆ پێوەندییەكانی دەرەوە دەڵێت، ئامانجەكان ئەو كۆنگرە لەلایەن ئەمەریكا دادەنرێت، یاسیك چابۆتۆفیچ وەزیری دەرەوەی پۆڵەندایش دەڵێت، هاریكاری نێوان ئەوروپا و ئەمەریكا پێویستە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. چونكە یەكێتی ئەوروپا بەتەنیا ئەو سەنگە سیاسییەی نییە بۆ كارتێكردنی دۆخی ئەو ناوچەیە، بۆیە ناتوانین دەستوەردانێكی كاریگەر بكەین و ئاشتی و سەقامگیری لەو ناوچە بچەسپێنین بێ كاركردن لەگەڵ ئەمەریكادا.

لای خۆیەوە میشال بارانۆفسكی بەڕێوەبەری نووسینگەی سندووقی مارشاڵی ئەڵمانی لە وارسۆ گوتی، ئەنجامی كۆنگرەكە دابەشبوون یان هاوڕایی و رێككەوتن لە بەرانبەر ئێران دیار دەكات، ئاماژەی كرد، ئەنجامەكانی كۆتایی دەری دەخەن كە كۆنگرەكە دەبێتە مایەی سازان یان دووركەوتننەوە و زیادبوونی ناكۆكییەكان لەبارەی ئێرانەوە.

ئەمەریكا لەو كۆنگرەدا دەیەوێت پاڵپشتی هاوپەیمانەكانی لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست بێنێت بۆ زیادكردنی فشارەكان بۆ سەر ئێران بۆ ئەوەی وەك خۆی ناوی دەبات كۆتایی هێنان بە رەفتارە خراپەكارییەكانی ئێران لەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كۆتایی هێنان بە هەردوو پڕۆگرامی ناوەكی و مووشەكییەكەی، بەرپرسانی ئەمەریكا لەو بارەوە دەڵێن، یەكێك لە ئامانجەكانی ئەو كۆنگرە قەرەبووكردنەوەی بوونی سەربازی ئەمەریكایە كە بواری بە زیادبوونی دەسەڵاتی هەریەك لە رووسیا و چین دا لە ناوەڕاستی ئەوروپا.

ئامانجێكی تری كۆنگرەكە پێكهێنانی هاوپەیمانیەتێكە لەدژی ئێران لە رێگەی كۆنگرەی داهاتووی ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لەو رێگەوە واشنتن دەیەوێت پاڵپشتی هاوپەیمانەكانی لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست بێنێت بۆ زیادكردنی فشارەكان بۆ سەر ئێران بۆ نەهێشتنی پڕۆگرامەكانی ناوەكی و مووشەكییەكەی و رێگرتن لە دەستوەردانی لە كاروباری ناوچەكە.

لەو كاتەی ئێران سەركۆنەی بەستنی كۆنگرەكە دەكات، هەریەك لە لبنان و فەڵەستین ئامادەی نابن، بەهۆی ئامادەبوونی ئیسرائیل كە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئامادەی دەبێت، جیا لەوەی هەوڵێكە بۆ خستنەرووی پلانی دەستەوارەی سەتە بۆ ئاشتی لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل كە پێی رازی نین. هاوكات رووسیایش ئامادە نابێت، چونكە وەك رای گەیاند خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دژ بە ئێران دەكات. 

قاسم قەسیر، شارەزا لە كاروباری ئێران دەڵێت، ئەمەریكا دەیەوێت دۆخێكی نوێ لە رۆژهەڵاتی نوێ دروست بكات لە رێگەی كۆنگرەی وارشۆ و دامەزراندنی هاوپەیملنیەتێكی نوێ بۆ گەمارۆدانی ئێران و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی كە پاشەكشەكردنی سەربازانی ئەمەریكا لە سووریا دروستی دەكات، روونی كردەوە، بەهۆی ناڕەزایەتی وڵاتانی ئەروپا بەوەی كۆنگرەكە تایبەت بێت بە ئێران، ئەمەریكا گۆڕانكاریەیكی كرد لە ئامانجی كۆنگرەكە و ناوەكەی گۆڕی، ئەوەیش ئاماژەیەكە بۆ بوونی جیاوازی لە نێوان ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی. 

ناجی شەراب، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، ئامانجەكانی كۆنگرەی وارشۆ دوورترن لە كێشەی فەڵەستین و نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕیژێتەوە، بۆیە یەكێك لەو شتانەی پێویستە بكرێت كۆتاییهێنانە بە كێشەی فەڵەستین، بۆیە پێم وایە كە دەسەڵاتی فەڵەستین بەوە دەزانێت، بۆیە ناتوانێت ئامادە بێت و گفتوگۆ لەو بارەتە بكات، هەروەها ئەو كێشەیە چیتر لەبەردەم نەخشە نوێیەكە ناوەستێت.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل