دەیان باڵەخانە لە توركیا مەترسی داڕمانيان لەسەرە

:: PM:08:01:13/02/2019 ‌
دوای كارەساتی داڕمانی باڵەخانە هەشت نهۆمییەكە، میدیاكانی توركیا ئاماژە بە دەیان باڵەخانەی تر دەدەن و وریایی لە دووبارە بوونەوەی كارەساتەكە دەدەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی شوبات/ فێبرایەر، بەپێی بەدواداچوونی میدیاكانی توركیا بێت، دەیان باڵەخانەی تر لە ئیستانبوڵ و شارەكانی تری توركیا مەترسی داڕمان و كارەساتیان لێ دەكرێت.

وریایی لە بارەی داڕمانی باڵەخانەكان لە توركیا لە كاتێكدایە چەند رۆژێك پێش ئێستە بەهۆی داڕمانی و كەوتنی باڵەخانەیەكی هەشت نهۆمی لە ئیستانبوڵ 21 كەس گیانیان لە دەستدا و 14ی تریش بریندار بوون.

داڕمانی ئەو باڵەخانەیە لە سەرەتای ساڵی 2019، هاوكاتە لەگەڵ داڕمانی باڵەخانەیەكی چوار نهۆمی لە 2018 لە ئیستانبوڵ كە بەهۆی رەشابەیەكی بەهێزەوە بوو، جگە لەمە لە 2017، باڵەخانەیەكی تر لە گەڕەكێكی تری میللی لە ئیستانبوڵ داڕما و بەهۆیەوە دوو كەس گیانیان لە دەست دا.

مراد قرم وەزیری ژینگەی توركیا لە ئیستانبوڵ رای گەیاند كە 10 باڵەخانەی تر لە شارەكە هەن مەترسی داڕمان و كارەساتیان لێ دەكرێت و حكوومەت وریایی داوەتەوە هەشت لەو 10 باڵەخانەیە.

بەڵام بەگوێرەی میدیاكانی توركیا بێت، تەنگژەكە تەنیا لە ئیستانبوڵ نییە بەڵكو لە شارەكانی تریش هەن بە تایبەت ئەوانەی نزیكن لە دەریا یان لە ماوەی رابردوودا بوومەلەرزە تێیدا رووی داوە.

رۆژنامەی حورییەت دەڵێ، لە پارێزگای ریز باكوری توركیا ژمارەیەك باڵەخانە مەترسی كەوتنی و داڕمانی لەسەر هەیە، بەتایبەت لە ناوچەی ئینجندیر كە دەیان شوقەی نیشتەجێ بوونی تێدایە.



وشە - فه‌رمان سادق