بڕیاره سبه‌ی 14ی شوبات، له ڕۆژی خۆشه‌ویستی" ڤالانتاین" چه‌ند چالاكییه‌ك له هه‌ولێر به‌رێوه بچێت كه له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و سه‌نته‌ره‌كانی ڕۆشنبیری ڕێكخراوه.
گۆران حوسێن به‌رێوه‌به‌ری سه‌نته‌ره‌كان له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به "وشه"ی گوت، سبه‌ی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك ڕێكخراوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی وسه‌نته‌ره‌كانی ڕۆشنبیری چه‌ند چالاكییه‌ك بۆ ڤالانتاین به‌رێوه ده‌چێت.
ڕوونیشی كرده‌وه كه "سبه‌ی پێنجشه‌م 14 شوبات، سه‌عات دوو و نیوی دوای نیوه‌ڕۆ لیژنه‌ی ئاماده‌كاری و میوانه‌كان له پاركی سامی عه‌بدولره‌حمان له‌ژێر دروشمی (رۆژی خۆشه‌ویستی و قوفڵی پێكه‌وه ژیان) ئاماده ده‌بن".
ڤالانتاین یان رۆژی خۆشه‌ویستی كه هه‌موو ساڵێك له 14ی شوبات یادی ده‌كرێته‌وه كه تێیدا عاشقان به گۆڕینه‌وه‌ی دیاری خۆشه‌ویستییه‌كه‌یان نوێ ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌م رۆژه له كۆنه‌وه به رۆژی خۆشه‌ویستی ناسراوه كه تێیدا هه‌موو دنیا یادی كردووه‌ته‌وه به گوڵی سوور.