عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش سەركۆنەی هێرشەكانی توركیا دەكات

:: PM:09:47:13/02/2019 ‌

نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دووپاتی دەكاتەوە كە عێراق بەكارهێنانی خاكەكەی بۆ زیانگەیاندن بە وڵاتانی دراوسێی رەت دەكاتەوە، هاوكات سەركۆنەی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیای بۆ سەر هەرێمی كوردستان كرد.

ئەمڕۆ چوارشەم محەمەد حوسێن بەحرولعلووم نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە وتەیەكی لەبەردەم ئەنجوومەنەكە لە دانیشتنێكی تایبەت بە دۆخی عێراق گوتی، عێراق خواستی بنیاتنانی پێوەندی پتەوی هەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری نیشتیمانی.

زیاتر گوتی، حكوومەتی عێراق رەتی دەكاتەوە كە خاكەكەی بۆ ئازاردانی وڵاتانی دراوسێی بەكار بێت، هاوكات سەركۆنەی هێرشە ئاسمانییەكانی توركیای بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كرد و بە پێشێلكارییەكی ئاشكرای لەقەڵەم دا.

بەحرولعلووم روونی كردەوە، هێرشەكانی توركیا بۆ سەر چەند ئامانجێك لە هەرێمی كوردستان پێشێلكارییەكی ئاشكرایە و كارێكی سەركۆنەكراوە و پێچەوانەی یاساكانی نێودەوڵەتییە.

هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ سەر چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان بە پاساوی بوونی چەكدارانی پەكەكە بەردەوامە و زیانی گیانی و ماڵی بە خەڵكی ئەو گوندانە گەیاندووە و ئەوان ناتوانن سوود لە رەز و باخەكانیان ببینن، هاوكات هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق زیاتر دەبن و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە لە وتارێكی لە سەرەتای ئەم مانگە دووپاتی كردەوە كە لە عێراق دەمێننەوە و وەك بنكەیەك بۆ چاودێریكردنی ئێران بەكاری دێنن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل