نەتەوە یەكگرتووەكان داوای چارەسەری درێژخایەنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا دەكات

:: PM:10:11:13/02/2019 ‌

نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق داوای لە بەغدا و هەولێر كرد بۆ سوود وەرگرتن لەو هەلەی ئێستە هاتووەتە پێش بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانیان و گەیشتن بە چارەسەری درێژخایەن بۆیان. 

جنین ئنسبلاشیت، نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ چوارشەم لەبارەی دۆخی عێراق راپۆرتێكی خوێندەوە و تیایدا داوای لە هەریەك لە بەغدا و هەولێر كرد بۆ سوودوەرگرتن لەو هەلەی ئێستە هاتووەتە پێش بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانیان و گەیشتن بە چارەسەری درێژخایەن بۆ پرسە روونەكان. 

زیاتر گوتی، بودجەی گشتیی 2019ی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەی لەخۆ گرتووە و ئەوەیش هەنگاوێكی زۆر باشە و دووپاتی كردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان بەفەرمی پێشوازی لە رێككەوتننی 16ی كانوونی یەكەمی نێوان هەولێر و بەغدا دەكات و رای گەیاند كە پێویستە جێبەجێكردنی رێككەوتننەكە بۆ هەریەك لە هەولێر و بەغدا كاری لەپێشینە بێت. 

ئنسبلاشیت نیگەرانی خۆی لە تەواو نەكردنی كابینەی حكوومەتی عێراق پێشان دا و دووپاتیشی كردەوە كە پێویستە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. 

لای خۆیەوە كاكۆ لیۆ باڵوێزی ساحل ئەلعاج و نوێنەری ئەو وڵاتە لە ئەنجوومەنی ئاسایش پێشوازی لە رێككەوتنی نێوان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كرد.

لای خۆیەوە محەمەد بەحرولعلووم نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایش رای گەیاند كە حكوومەتی عێراق توانوویەتی مووچەی هەموو فەرمانبەرانی عێراق بە هێزی پێشمەرگەشەوە دابین بكات. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل