سلێمانی.. ژمارەی دانیشتوانی شارباژێڕ بەرەو كەمبوونەوە دەچێت

:: PM:10:55:13/02/2019 ‌

قایمقامی شارۆكەی ماوەت رایدەگەیەنێت كە بەهۆی نەبونی دەستی كار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری, دانیشتوانی ناوچەی شارباژێر بەرەو كەمبوونەوە دەڕوات و لە ماوەی ٣٠ ساڵی رابردوودا دانیشتوانی ناوچەكە لە ٦٠ هەزارەوە بۆ ١٥ هەزار كەمی كردووە.

كامەران حەسەن, قایمقامی قەزای ماوەت سەر بە پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەم ١٣ی شوبات بە "وشە"ی راگەیاند, سنووری شارباژێر بە هەردوو شارۆكە و تەواوی شارەدێ و گوندەكانییەوە ژمارەی دانیشتوانی بەرەو كەمبوونەوە دەچێت و هۆكارەكەیشی بۆ نەبوونی دەستی كار دەگەڕێتەوە.

زیاتر گوتی، دەردێكی كوشندە لە سنوورەكە هەیە، هەرچەندە شوێنێكی دەوڵەمەندە لە بەربوومی كشتوكاڵ و بێستان و باخ و زەوی, بەڵام بەهۆی نەبوونی كارگە و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دەستی كار و نەبوونی مەرزێك، وای كردووە ساڵ بە ساڵ ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچەی شارباژێرە بەرەو كەمبوونەوە بڕوات و دانیشتوانەكەی شوێنەكە جێدێلن.

قایمقامی ماوەت روونی كردەوە، لەگەڵ ئەو هەموو دۆخەی نەبوونی هەلی كار, دانیشتوانەكەیشی رووبەڕووی هەژاری و بێكاری ببێتەوە, بەپێی ئامارێك سنوورەكە لە ساڵی ١٩٧٧ ژمارەی دانیشتوانی شارباژێر نزیكەی ٦٠ هەزار كەس بووە, بەڵام ئێستە كە لە ساڵی ٢٠١٩ دەژین، ژمارەی دانیشتوانەكەی بۆ ١٥ هەزار كەمی كردووە.

دووپاتی كردەوە، دەخوازین لە كابینەی داهاتوو  ئاوڕی رژد لەو سنوورە بدرێتەوە و ئاوەدانی بۆ ناوچەكە بگەڕێتەوە, ئەگەر بەهۆی ئەو دۆخەوە نەبوایە، دەبوو ئێستە ژمارەی دانیشتوانی ١٠٠ هەزار كەس بوایە.

شایەنی باسە ناوچەی شارباژێر خاوەنی دوو شارۆكە و بە شێوەیەكی گشتی زیاتر لە ١٥٠ گوند و شارۆكەی لەسەرە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل