فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دووپات لە جێبەجێكردنی لامەركەزی دەكاتەوە و ئەندامێكی فراكسیۆنەكە دەڵێت كە دەیانەوێت سلێمانی بكرێتە لامەركەزی، لە بەرانبەردا فراكسیۆنی پارتی پێی وایە لامەركەزی تەنیا بۆ لایەنی كارگێڕی دەبێت و هیچ پڕۆژەیەك لەو بارەوە نەهاتووەتە ئەنجوومەن.
ئەكرەم شەریف, ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند, فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەن هەمیشە لەگەڵ سیستمی لامەركەزی بووە بۆ سلێمانی، چونكە لەگەڵ كار و چالاكییەكانیان دەگونجێت.
زیاتر گوتی، دامەزراندن و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ ئەوەیە كە سیستمی لامەركەزی بچەسپێنرێت, خەباتی یەكێتی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گوندەكان بۆ ئەوە بووە كە پێگەی هێزی كار بكرێت و سیستمی لامەركەزی لەسەر ئاستی پارێزگاكان بچەسپێنرێت.
لای خۆیەوە بەرزان حەمید, ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند, تا ئێستە هیچ پڕۆژەیەك بۆ جێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزی لە سلێمانی پێشكەیشی ئەنجوومەن نەكراوە.
زیاتر گوتی، هەوڵێك هەیە لامەركەزیەتی لە ڕووی كارگێڕییەوە پێڕەو بكرێت, بەڵام وەك پڕۆژە نییە, ئاماژەی كرد كە لە چەند رۆژی داهاتوودا وۆرك شۆپێك لە نێوان زانكۆی جیهان و ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەنجام دەدرێت لەسەر سیستمی لامەركەزی.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی كردەوە، كە ئەگەر لامەركەزی بكرێت, تەنیا لە رووی كارگێڕییەوە دەبێت نەك سیاسی, ئەویش لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتییان دەبێت.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی