هۆكاری رەتكردنەوەی گۆڵەكەی ئەیاكس بەرامبەر ریال مەدرید ئاشكرا كرا

:: AM:09:34:14/02/2019 ‌

ماڵپەڕی فەرمی پاڵەوانیەتیی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا هۆكاری رەتكردنەوەی گۆڵەكەی یانەی ئەیاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی بەرامبەر یانەی ریال مەدریدی ئیسپان لە یارییەكەی شەوی رابردووی نێوانیان ئاشكرا كرد.

یارییەكە لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بوو كە تێیدا یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی یۆهان كڕۆیف بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ یارییەكەی بردەوە.

نیكۆلاس تاگلیاڤیكۆی یاریزانی ئەرجەنتینی لە خولەكی 38ی گێمی یەكەمدا بە لێدانێكی سەر گۆڵێكی بۆ یانەی ئەیاكس ئەمستەردام تۆمار كرد، بەڵام ناوبژیوان بە هاوكاری تەكنەلۆژیای ڤار گۆڵەكەی رەت كردەوە.

لاپەڕەی فەرمی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ئاشكرای كرد: ناوبژیوان لە بڕیاری رەتكردنەوەی گۆڵەكەدا راست بووە، بەهۆی ئەوەی تادیچی هێرشبەری یانەی ئەیاكس لە شوێنی ئۆفساید بووە و رێگەی لە تیبۆ كۆرتوای گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید گرتووە بۆ گرتنەوەی تۆپ، واتە یاریزانەكە سوودی لە شوێنی ئۆفسایدەكە وەرگرتووە بۆ تۆماركردنی گۆڵەكە.

جەختیشی كردەوە كە دامیر سكۆمینای ناوبژیوانی سلۆڤینی لە دەركردنی بڕیارەكە و رەتكردنەوەی گۆڵەكە راست بووە و هیچ شك و گومانێكیش لەوەدا نییە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م