بە بۆنەی جەژنی خۆشەویستی، یونیسێف دەڵێ منداڵانی عێراق تەنانەت لە ناوچە ئارامەكانی دوور لە جەنگیش رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، پێویست دەكات خۆشەویستی بۆ منداڵان دەرببڕێت. بەڕێوەبەری یونیسێف ئاماژە بەوە دەدات كە 80%ی منداڵانی عێراق لە 2018 رووبەڕووی لێدانی بە بەرنامە بوونەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی شوبات/ فێبرایەر، كە رۆژی خۆشەویستییە و بە ڤالانتاین ناسراوە، یونیسێف لە بەیاننامەیەكدا دەڵێ، منداڵانی عێراق رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە و پێویستە خۆشەویستییان بۆ دەرببڕێت.
پیتەر هۆكینز بەڕێوەبەری یونیسێف دەڵێ،
منداڵانی عێراق شایانی ئەوەن خۆشەویستییان بۆ دەرببڕێت نەك توندوتیژی"، زیاتر گوتی "نیشاندانی خۆشەویستی بۆ منداڵان بە دیوەكەی تر مانای پاراستنیان دێت لە توندوتیژی".
هۆكینز ئەوەش دەخاتەڕوو بەهۆی ململانێی بەردەوام و ناسەقامگیری لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە عێراق، منداڵان تا ئاستێكی زۆر كە پێشبینی ناكرێت رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، گوتی "بەپێی رووماڵێكی شاقوڵی و فرەلایەن بۆ ساڵی 2018 دەركەوتووە 80%ی منداڵان لە عێراق رووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی بوونەتەوە، چ بە لێدانی زللە لە روویان یان كەللەی سەریان یان بن گوێیان، تەنانەت بەشی زۆری لێدانەكان بە بەرنامەیە و دووبارەش دەبنەوە".
جێی باسە رووماڵەكەی یونیسێف زیاتر ناوچە ئارامەكانی عێراقی گرتووەتەوە و باس لە دۆخی منداڵان دەكات لە شارە ئارام و سەقامگیرەكان نەك ئەو ناوچانەی شەڕی دژ بە داعشی تێدا ئەنجام دراوە.