راهێنەری بەرشەلۆنەی تووشی شۆك كردووە

:: AM:10:13:14/02/2019 ‌

جیان كلێر تۆدیبۆی بەرگریكاری نوێی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بە پێشكەشكردنی ئاستێكی بەرز لە كاتی مەشق و راهێنانەكاندا ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەر یانەكەی تووشی شۆك كردووە.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی ئاشكرای كرد: تۆدیبۆی تەمەن 19 ساڵ لە چەند رۆژی رابردوودا بەشداریی لە مەشق و راهێنانەكانی تیپی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنە كردووە و ئاستێكی زۆر باشیشی پێشكەش كردووە كە بووەتە جێگەی سەرسڕمانی دەستەی راهێنەرانی یانەكە بە سەرۆكایەتی ڤالڤێردی.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە رەنگە پێشكەشكردنی ئەم ئاستە بەرز وا لە ڤالڤێردی بكات لە یارییەكانی داهاتووی یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا یاری پێ بكات.

تۆدیبۆ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی رابردوودا تەنیا بە 2 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی توڵوزی فڕەنسییەوە پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد، بەهۆی ئەوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانە فڕەنسییەكە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا بە كۆتا دەهات.

سەرەتا ڤالڤێردی بڕیاری دابوو بۆ ماوەیەكی درێژ ئەم بەرگریكارە لاوە لەسەر كورسی یەدەگ بهێڵێتەوە تا بەتەواوی لە شێوازی یاریكردن و كەشی یاریگە و شاری بەرشەلۆنە رادێت، بەڵام رەنگە بەهۆی پێشكەشكردنی ئاستە بەرزەكەیەوە لە مەشق و راهێنانەكان بڕیار بدات بە خێرایی لە یارییەكاندا بەشداریی پێ بكات.

تۆدیبۆ درێسی ژمارە 6ی یانەی بەرشەلۆنەی پێدراوە، ئەو درێسەی كە پێشتر بە چاڤی هێرناندێز و دینیس سوارێز درابوو.

جێی باسە ڤالڤێردی ناوی تۆدیبۆی لە لیستی یاریزانەكانی تیپی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنە بۆ یارییەكانی خولی ئیسپانیا تۆمار كردووە، بەڵام لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ناوی تۆمار نەكردووە، واتە بەرگریكارە فڕەنسییەكە تەنیا دەتوانێ لە ركابەرییەكانی ناوەخۆی ئیسپانیا یاری بكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م