"تۆ قه‌ت ده‌نگت ئێشاوه؟ من ژان و ئازارى ده‌نگ حه‌جمانم ناهێڵێ، ده‌مگرێنێ". وردبوونه‌وه له‌م رسته‌یه و ده‌یان رسته‌ى هاوشێوه‌ى ئه‌مه‌ى سه‌ره‌وه، وێنه‌یه‌كمان له‌باره‌ی رۆمانى "هاوزێ"ى دلاوه‌ر ره‌حیمى پێ ده‌دا.
با زیاتر به روونى بدوێین و مه‌به‌سته‌كه‌مان روون بكه‌ینه‌وه. سه‌ره‌تا با وێناى ئه‌وه بكه‌ین چۆن "ده‌نگمان ژان ده‌كات؟" ره‌نگ نه‌توانین لۆجیكیانه وه‌ڵاممان بۆ ئه‌م پرسیاره هه‌بێت، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كه لێره‌دا وه‌سف و هه‌سته‌كان تێكه‌ڵ به یه‌كتر ده‌بن، لێره‌دا "ده‌نگ له جێبه‌ندى بیستن و نه‌بیستن ده‌رده‌چێ، ده‌چێته بوارێكى تر كه ئێمه‌ى مرۆڤ لێى رانه‌هاتووین، ئه‌ویش ژانه".
ئه‌م وێنه تێكه‌ڵه‌ى له لاپه‌ڕه "23"ى رۆمانى "هاوزێ" هاتووه، ده‌توانین بۆ زۆر ئاست و ره‌هه‌ندى تر‌ى رۆمانه‌كه پێوانه‌ى بكه‌ین، مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه ناكرێت ئێمه ئه‌و رۆمانه به هه‌مان ئه‌و چاویلكه‌یه بخوێنینه‌وه كه پێشتر رۆمانه‌كانى تر‌ى كوردمان پێ خوێندووه‌ته‌وه، چونكه ئاسته‌كانى گێڕانه‌وه له‌م رۆمانه تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر ده‌بن و پچڕپچڕن، كاره‌كته‌ره‌كانیشى به‌هه‌مانشێوه.
له هه‌موو ئه‌مانه‌یش گرنگتر تیمه‌ى "thema"ى سه‌ره‌كى رۆمانه‌كه‌یه كه ئێمه ناتوانین له چه‌ند رسته‌یه‌كدا كورتى بكه‌ینه‌وه، به واته‌ى ئه‌وه‌ى ناتوانین بڵێین رۆمانه‌كه باس له چ شتێكى دیاركراو ده‌كات، ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه نییه كه رۆمانى "هاوزێ" خاڵییه له هه‌ر واتایه‌ك، نه‌خێر به پێچه‌وانه‌وه له هه‌ندێك شوێندا ئه‌م رۆمانه زۆر به‌ڕوونى په‌نجه له‌سه‌ر برینه قووڵه‌كانى مرۆڤ داده‌نێت، به تایبه‌تى مرۆڤى ئه‌و سه‌رده‌مه.
من راشكاونه ده‌ڵێم به‌م رۆمانه ماندوو بووم، یان راستتر یه‌كێك بوو له‌م كتێبانه‌ى ئه‌مساڵ ماندووى كردم، چه‌ند جارێك وازم لێى هێناوه و گه‌ڕامه‌وه سه‌رى، چه‌ند جارێك ئه‌مسه‌ر و ئه‌مسه‌رم كرد، ده‌مویست ده‌رگه‌یه‌ك له رۆمانه‌كه بدۆزمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بچمه ناو كرۆكى بابه‌ته‌كه‌یه‌وه، به‌ڵام نه‌متوانى. له‌وانه‌یه به‌شێك له كێشه‌كه پێوه‌ندى به‌منه‌وه هه‌بێت، به‌شێكیش به‌و شێوازه‌ى كه رۆمانه‌كه‌ى پێ نووسراوه.
ئه‌وه‌ى پێوه‌ندى به خۆمه‌وه هه‌بێت، بۆ نموونه ده‌توانم گریمانه‌ى ئه‌وه بكه‌م "هاوزێ"ى دلاوه‌ر ره‌حیمى به "شار"ى حوسێن عارف به‌راورد بكه‌م، هه‌ڵبه‌ته نه‌خێر به‌ر له هه‌موو شتێك كاتێك ده‌زانم مه‌ودایه‌كى زه‌مه‌نى به‌نزیكه‌ى نیو سه‌ده ئه‌م دوو رۆمانه له یه‌كتر جیا ده‌كاته‌وه.
ئایا ئه‌م رۆمانه پۆست مۆدێرنه؟ هه‌ڵبه‌ته من وه‌ڵامێكى ئاماده‌م بۆ ئه‌م پرسیاره نییه، هه‌رچه‌نده زۆر له‌و براده‌رانه‌ى له‌سه‌ر "هاوزێ"یان نووسیوه وا ده‌ڵێن.
به‌ر له هه‌موو شتێك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم رۆمانێك بۆ یه‌ك پێناسه كورت بكرێته‌وه، یه‌ك ناوى پێ بدرێت، یان بۆ راڤه‌كردنى رۆمانێك په‌نا بۆ ریزكردنى كۆمه‌ڵێك زاراوه ببه‌ین، بۆیه بابه‌تى پۆست مۆدێرنى "هاوزێ" به‌لاى منه‌وه و هه‌ر رۆمانێكى تر ئه‌وها ئاسان نییه، چونكه به‌ر له هه‌موو شتێك چه‌مكه‌كانى تایبه‌ت به ره‌خنه‌ى پۆست مۆدێرن له‌ناو كورددا ناسراو نین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناكرێت نكۆڵى له‌وه بكرێت كه چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كى زه‌قى رۆمانى پۆست مۆدێرن له "هاوزێ"دا هه‌ن له‌وانه "دژه رۆمان- دژه گێڕانه‌وه" و "ره‌نگدانه‌وه‌ى خودى" و "له‌رووى واقیع".
لێره‌دا زیاتر مه‌به‌ستمه ئاماژه بۆ خاڵێكى گرنگ بكه‌م كه هه‌ر له سه‌ره‌تاى خوێندنه‌وه‌ى هه‌ستم پێ كرد، ئه‌ویش زاڵبوونى زمانى شیعره به‌سه‌ر رۆمانه‌كه. هه‌ڵبه‌ته به‌ر له هه‌موو شتێك ده‌زانین دلاوه‌ر ره‌حیمى نووسه‌رى رۆمانه‌كه شاعیره و تژییه له ماناى وشه، نووسینى رۆمانیش یه‌كه‌م ئه‌زموونى دلاوه‌ره، به‌ڵام ئه‌ى چى له‌باره‌ى زاڵبوونى زمانى شیعر به‌سه‌ر گێڕانه‌وه؟
به‌ر له‌وه‌ى قسه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بكه‌ین، ده‌مه‌وێ ئاماژه بۆ په‌ره‌گرافێكى رۆمانه‌كه بكه‌م كه له لاپه‌ڕه 126دا هاتووه، "هه‌رچه‌نده بێ ئه‌وه‌ى بترسم و دڵم خورپه بكات، چه‌ندان جار به‌سه‌ر پشتى كۆتایى كۆتاییه‌كاندا په‌ڕیومه‌ته‌وه، تاریكترین تاریكییه‌كان ژیاوم، هه‌موو قۆناغه كورت و درێژه‌كانى ته‌مه‌نم تاریكاییه‌ك و كۆتایى تاریكاییه‌ك بوون، به‌ڵام گێڕانه‌وه‌كان ده‌مترسێنى و دڵم راده‌ژه‌نێ".
ئه‌گه‌ر ئه‌م زمانه بخوێنیته‌وه، ده‌زانى چه‌نده زمانى شیعر به‌سه‌ر رۆمانه‌كه‌دا زاڵه، به‌ڵام ئاخۆ ئه‌مه كێشه‌یه؟ دیارده‌ى زاڵبوونى زمانى شیعر به‌سه‌ر گێڕانه‌وه له ئه‌ده‌بى ته‌واوى گه‌لانى ئه‌م ناوچه‌یه له سه‌ره‌تاى هه‌شتاكان ده‌ركه‌وت، ره‌نگه له‌ناو كورد یه‌كێك له‌وانه‌ى له گێڕانه‌وه‌ى رۆمان و چیرۆكه‌كان زمانى شیعر به‌سه‌رى زاڵ بوو، شێرزاد حه‌سه‌ن بووبێت. ره‌خنه‌گران زۆر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌یان نووسى، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك به "نه‌خۆشییه‌كى كوشنده‌ى رۆمان و چیرۆك" وه‌سفیان كرد، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م وه‌سفه‌یش نه‌بین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه راگرتنى هاوسه‌نگى گێڕانه‌وه- زمانى شیعر كارێكى ئاسان نه‌بێت، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى ئه‌زموونی شیعری‌یان نییه.
به‌ڵام بۆ "هاوزێ" ئه‌م زمانه شیعرییه رۆمانه‌كه‌ى جوانتر كردووه و چێژ به خوێنه‌ر ده‌به‌خشێ، له دواى ماندووبوونێك.
"ده‌مویست ده‌رگه‌یه‌ك له رۆمانه‌كه بدۆزمه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بچمه ناو كرۆكى بابه‌ته‌كه‌یه‌وه، به‌ڵام نه‌متوانى."