بەرشەلۆنە گەڕانەوەی نیماری یەكلایی كردەوە

:: AM:11:24:14/02/2019 ‌

جۆزیپ ماریا بارتومیۆ سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بابەتی گەڕانەوەی ئەستێرە بەڕازیلییەكەیان نیمار دا سیلڤا لە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی یەكلایی كردەوە.

بارتومیۆ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی رایگەیاند: لەم دواییانەدا قسەم لەگەڵ نیمار و باوكی كردووە، ئەوان بەهیچ شێوەیەك پێیان نەگوتووم كە دەیانەوێ بگەڕێنەوە ریزی یانەی بەرشەلۆنە.

زیاتر گوتی: تەنانەت تا ئێستاش بە هیچ ئەندامێكی یانەی بەرشەلۆنەشیان نەگوتووە كە دەیانەوێ بگەڕێنەوە.

سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە هەروەها گوتی: پێموایە یانەی پاریس سان جێرمانیش نایەوێ دەستبەرداری بێت و بیفرۆشێ، بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنم كە نیمار ناگەڕێتەوە یانەی بەرشەلۆنە.

بارتومیۆ جەختیشی كردەوە كە دوای نیمار توانیویانە چەند یاریزانێكی لاو و نوێ بهێننە ریزی یانەكەیانەوە وەك دێمبێلێ و كۆتینیو ئێستاش یەكێكن لە یاریزانە سەرەكییەكانی تیپكەیان، ئەمەش هۆكارێكی ترە بۆ ئەوەی نەتوانن نیمار جارێكی تر بگەڕێننەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م