به‌هۆی زۆپایه‌كی گازه‌وه، خانووی بووك و زاوایه‌ك كه تازه هاوسه‌رگیرییان كردووه، له شه‌وێك پێش ڕۆژی خۆشه‌ویستیدا ئاگری گرت و ته‌واوی ناوماڵه‌كه‌یانی سووتاند.
یه‌عقووب عه‌بدولڕه‌زاق گه‌نجێكی ده‌ڤه‌ری شێلادزێیه، ڕۆژی حه‌وتی شوبات له‌گه‌ڵ ده‌زگیرانه‌كه‌ی هاوسه‌رگیرییان كرد، به‌ڵام شه‌وی ڕابردوو به‌هۆی به‌كارهێنان و ته‌قینی زۆپای گازه‌وه، ئاگر له ماڵه‌كه‌یان كه‌وته‌وه و به هۆیه‌وه ته‌واوی ناوماڵه‌كه‌یان سووتا و زیانێكی زۆری مادییان به‌ركه‌وت.
له باره‌ی ئه‌و ڕووداوه‌وه یه‌عقووب به "وشه"ی گوت: ئه‌و خانووه‌مان به كرێ گرتبوو، قاتی سه‌ره‌وه خۆم و هاوسه‌ره‌كه‌م و خواره‌وه‌ش ماڵی باوكمی لێ ده‌ژیان. ئێمه هاتبووینه خواره‌وه بۆ لای دایكم، له‌ناكاو ئاگر له قاتی سه‌ره‌وه به‌ربوو، به‌هۆیه‌وه كه‌لوپه‌له‌كانمان سووتان و به بڕی چوار ملیۆن دینار زیانمان پێ كه‌وت.
نوورا ئه‌یووب و یه‌عقووب عه‌بدولڕه‌زاق كه خێزانێكی رۆژئاوای كوردستانن و سێ ساڵه له شێلادزێ ده‌ژین، چاوه‌ڕێی ئه‌وه بوون كه ئه‌مڕۆ له ڕۆژی ڤالانتایندا گوڵی سوور پێشكه‌ش به یه‌كتری بكه‌ن، به‌ڵام تووشی ئه‌و ڕووداوه بوون.
بێوار ئیبراهیم له به‌رگری شارستانی شێلادزێ به "وشه"ی راگه‌یاند، ڕووداوه‌كه به‌هۆی زۆپای گازه‌وه بووه. وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و خێزانه له ئاگاداركردنه‌وه‌ی تیمه‌كانمان دواكه‌وتن، به‌ڵام تیمه‌كانمان توانییان به زووترین كات ڕووداوه‌كه كۆنترۆڵ بكه‌ن.
ئامێدی/ نه‌وزاد هلۆری