ئێرباس بەرهەمهێنانی گەورەترین فڕۆكە لە دنیا رادەگرێت

:: PM:02:52:14/02/2019 ‌
كۆمپانیای ئێرباس بۆ دروستكردنی فڕۆكەی سڤیل، بڕیاری راگرتنی بەرهەمهێنانی گەورەترین فڕۆكە لە ساڵی 2021 دەدات، ئەمەش دوای ئەوەی گەورەترین كڕیاری ئەو جۆرە فڕۆكەیە پشتی لێ كرد و خواستی بۆ بەرهەمەكانی تری كۆمپانیایەكە گۆڕی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی شوبات/ فێبرایەر، تۆماس ئیندرز بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە كۆمپانیای ئێرباس بۆ دروستكردنی فڕۆكەی گواستنەوەی هاووڵاتییان كە یەكێكە لە بەناوبانگترین فڕۆكە لە دنیادا، بڕیاری راگرتنی بەرهەمهێنانی فڕۆكەی ئێرباس ئەی 380ی راگەیاند لە ساڵی 2021.

بڕیارەكەی كۆمپانیای ئێرباس لە كاتێكدایە كۆمپانیای فڕكەوانی ئیماراتی پێشتر بڵاوی كردبووەوە كە لەگەڵ كۆمپانیای ئێرباس گەیشتووەتە رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی خواست لەسەر فڕۆكەی ئێرباسی جۆری ئەی 380 و ئەی 162 و ئەی 123.

ئیندرز لە بەیاننامەكەی كۆمپانیایەكە روونی كردووەتەوە كە خواست لەسەر ئێرباسی ئەی 380 كەم بووەتەوە و ئەوەی، بە پێچەوانەوە خواست لەسەر جۆرەكانی تر زیادیان كردووە.

كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئیماراتی دەڵێ، ئەوان لە جیاتی ئێرباس ئەی 380، داوای كڕینی 40 فڕۆكەیان كردووە لە جۆرەكانی ئەی 330 نیو، 30 فڕۆكە لە جۆریەی ئەی 350، كە بەهای گرێبەستەكە 21 ملیار و 400 هەزار دۆلارە.

جێی باسە كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئیمارات گەورەترین كڕیاری فڕۆكەی جۆری ئەی 380 بوو، ئێستەش گرێبەستی كڕینی 14 فڕۆكەی لەو جۆرەی لەگەڵ كۆمپانیایەكە واژوو كردووە كە لە 2019 تا 2021 دەبێت بە دەستی بگات.

 فڕۆكەی ئێرباس ئەی 380 گەورەترین فڕۆكەی نەفەرهەڵگرە لەسەر رووی زەوی و فڕۆكەیەكی دوو نهۆمییە و بە چوار بزوێنەری جۆری رۆڵز رۆیس ترنت 900 كار دەكات.



وشە - فه‌رمان سادق