پەرلەمانتارێك دۆسیەی گەندەڵییەكانی مووسڵ هەڵدەداتەوە

:: PM:03:05:14/02/2019 ‌
دوای هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان، رۆژ دوای رۆژ گەندەڵییەكانی پارێزگای نەینەوا لە دوای رزگاربوونی لە دەستی داعش هەڵدەدرێنەوە. پەرلەمانتارێك دەڵێت 15 بەڵگەی گەندەڵی دەست كەوتووە بە بەهای 60 ملیار دینارە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی شوبات/ فێبرایەر، ئەحمەد جبووری پەرلەمانتار لەسەر پارێزگای نەینەوا ئاشكراكردنی دەیان دۆسیەی گەندەڵی راگەیاند.

جبووری لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، بڵاوی كردەوە كە 15 بەڵگەنامەی گەندەڵی خەرجكردنی پارەی بە دەست گەیشتووە كە بڕەكەی 60 ملیار دیناری عێراقییە و بۆ هەڵگرتنەوەی پاشماوەی شەڕی دژ بە داعش، چارەسەری نەخۆشییەكان، كەمپی ئاوارەكان، كڕینی كەلوپەلی كارەبایی و شتی تر خەرج كراون، بەڵام هیچ یەكێك لەوانەی لە بەڵگەنامەكاندا هاتوون، نەهاتوونەتە كڕین.

گوتی "بەشی ئەندازیاری مووسڵ سەرپەرشتی كارەكانی كردووە و بەڵگەی ساختەی دروست كردووە بۆ شێواندنی راستییەكان و دزینی ئەو بڕە پارەیە بە بڕیاری نۆفل حەمادی پارێزگاری شارەكە".

جبووری ماوەیەك پێش ئێستە بەڵگەی دزینی 100 تانكەر نەوتی رۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی گەیارەی بڵاو كردەوە، هاوكات تۆمەتباركردنی پارێزگاری شارەكەش بە گەندەڵی پرسێكی تازە نییە و پێشتریش لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر لیستێك لە تۆمەت و گەندەڵی، وەك پارێزگاری نەینەوا متمانەی لێ وەرگیرایەوە، بەڵام بڕیارەكە لەلایەن دادگای كارگێڕی لە بەغدا هەڵوەشێنرایەوە.

جێی باسە مووسڵ لە ساڵی 2014 كەوتە دەست داعش و بۆ ماوەی سێ ساڵ حوكمی ئەو شارەی كرد و لە ئۆكتۆبەری 2017 لەلایەن سوپای عێراق و بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، توانرا رزگار بكرێت.



وشە - فه‌رمان سادق