عێراق تەنیا 5%ی دانیشتووانی دنیا پێك دەهێنێت

:: PM:03:12:14/02/2019 ‌

 ماڵپەڕی " Worldometer " بڵاوی كردەوە ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە 2019 دەگاتە 5%ی ژمارەی دانیشتووانی هەموو دنیا و دێتە ریزبەندی 36ەمین وڵاتی دنیاش لە رووی ژمارەی دانیشتووانەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی شوبات/ فێبرایەر، ماڵپەڕی " Worldometer "ی تایبەت بە ئاماری ژمارەی دانیشتووان لە دنیادا، بڵاوی كردەوە كە لەكۆی 195 وڵاتی دنیا كە كۆی ژمارەی دانیشتووانی سەر گۆی زەوی حەوت ملیار و 683 ملیۆن و 717 كەسە، عێراق لە رووی چڕی دانیشتووانەوە لە پلەی 36یەمین دێت و لە ساڵی 2019، ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە 40 ملیۆن و 412 هەزار و 299 كەس، بەمەش دەبنە رێژەی 5%ی هەموو دانیشتووانی سەر گۆی زەوی، بە جۆرێك لە هەر 100 كەسێك پێنجیان عێراقی دەبن.

ماڵپەڕەكە، ئاماژەی بەوەدا چین لە پلەی یەكەمی دنیا دێت كە ژمارەی دانیشتووانی ملیارێك و 420 ملیۆن و 62 هەزار كەس دەبێت و پاشان هیندستان بە ملیارێك و 368 هەزار و 737 كەس دێت.

 دوای چین و هیندستان، ئەمەریكا لە پلەی سێیەمی ژمارەی دانیشتووان دێت بە 329 ملیۆن و 93 هەزار و 168 كەس، پاشان ئەندەنووسیا بە 269 ملیۆن و 536 هەزار، دواتر بەڕازیل بە 212 لیۆن و 392 هەزار كەس.

لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەیش، میسڕ بە پلەی یەكەم دێت كە ژمارەی دانیشتووانی 101 ملیۆن و 168 هەزار كەسە و دواتر سوودان بە 42 ملیۆن و 514 كەس و ئینجا عێراق بە پلەی سێیەم بە 40 ملیۆن كەس دێت.

جێی باسە ماڵپەڕی " Worldometers " تیمێكی نێودەوڵەتی لە شارەزایانی ئامار و لێكۆڵەران سەرپەرشتی دەكەن بە ئامانجی رەخساندنی داتای پێویست بۆ هەموو دنیا، خاوەنی ماڵپەڕەكەش كۆمپانیای " Dadax "، وەك باشترین ماڵپەریش دەستنیشان كرا لەلایەن كۆمەڵەی كتێبخانەكانی ئەمەریكی " ALA " وەك كۆنترین و گەورەترین كۆمەڵەی كتێبخانەكان لە دنیا.



وشە - فه‌رمان سادق