لەسەر وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان عێراق و كوردستان رێككەوتنێك واژوو دەكەن
رۆژی سێشەمی رابردوو 12ی شوبات/ فێبرایەر، شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدای كرد بە مەبەستی رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی دادی عێراقی لەبارەی وەڵامدانەوەی بەڵگەنامە و راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و واژووكردن لەسەر پابەندبوونی عێراق بەرانبەر بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
دیندار زێباری لە بارەی سەردانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ حوسێن زوهێری بریكاری وەزارەتی دادی عێراقی، دەڵێ لەگەڵ وەزارەتی داد گەیشتوونەتە رێككەوتن لەمەولا هەرێمی كوردستان بەشدار دەبێت لە نووسینەوە و داڕشتنەوە و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و واژووكردن پابەندییە نێودەوڵەتییەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ.
زێباری رێككەوتنە بە دەستكەوت بۆ هەرێمی كوردستان ناو دەبات و پێی وایە، ئەمە دەبێتە سەكۆیەك بۆ گەیاندنی دیدگای هەرێمی كوردستان بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خستنەڕووی ئەو یاسا و هەنگاوە كردارییانەی كە هەرێم ئەنجامی داون لە گشت بوارەكان بەتایبەتی مافی مرۆڤ و حوكمڕانی كە كاریگەرییەكی راستەوخۆی دەبێت لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی حوكمڕانی لە كۆڕو كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتی لەسەر ئاستی نەتەوە یەكگرتووەكان، چونكە كوردستان راستەوخۆ بەشداری دەبێت لەو كۆبوونەوانە.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی بەوەش دا بە ئەندامبوونی هەرێمی كوردستان لە لیژنەی نیشتمانی نووسینەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی فیدراڵی، وا دەكات هەرێمی كوردستان ئامادەبوونێكی بەردەوامی هەبێت لە داڕشتن و نووسینەوەی گشت ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتییانەی كە حكومەتی عێراق بڵاویان دەكاتەوە.
گوتی "ئەم بەڵگەنامەیە بە بنەڕەتی دادەنرێت و حكومەتی فیدراڵی و لایەنە نێودەوڵەتییەكانیش پشتی پێ دەبەستن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵی، گرنگییەكەی بۆ هەرێم لەوەدایە كە هەرێمی كوردستان دەبێتە بەشێكی سەرەكی لە گشت ئەو رێككەوتن و پەیماننامانەی كە حكوومەتی عێراق ئەندامە تێیدا و لە داهاتوودا پەسەندیان دەكات، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ روونكردنەو و راستكردنەوەی دیدگای هەرێم لەبارەی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەكان و خستنەڕووی ئەو یاسا و هەنگاوە كردارییانەی كە هەرێم ئەنجامی داون لە گشت بوارەكاندا، بەتایبەتی مافی مرۆڤ و حوكمڕانی كە كاریگەرییەكی راستەوخۆی دەبێت لەسەر پێگەی هەرێم لەسەر ئاستی حوكمڕانی لە كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتی لەسەر ئاستی نەتەوە یەكگرتووەكان، چونكە كوردستان راستەوخۆ بەشداری دەبێت لەو كۆبوونەوانە".
لە وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، هەرێمی كوردستان پشت دەبەستێت بە یاساكانی رێكخستنی خۆپێشاندان، دەستكەوتنی زانیاری، رۆژنامەوانی، نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، پاراستنی پێكهاتەكان، دەستەی گشتی دەستپاكی، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، رێكخراوە ناحكوومییەكان، پاراستنی مافی كەمئەندام و خاوەن پێدوایستیی تایبەت و پڕۆژە یاسای پاراستنی مافی منداڵان و چەندان یاسا و رێنوێنیی تر، كە پابەندبوونی كوردستان نیشان دەدەن بە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و دەبنە بەشێك لە بەڵگەنامە بنەڕەتییەكانی یەكگرتووی كۆماری عێراق.
وشە -
فهرمان سادق