مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە بەشدارانی كۆنگرەی وارشۆ لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە ئێران گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پێنس دووپاتی كردەوە كە رژێمی ئێران گەورەترین پاڵپشتیكاری تیرۆرە لە جیهان و گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو داوای لە هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی ئەمەریكا كرد بۆ پاشەكشەكردن لە رێككەوتنی ئەتۆمی و گوتی، رژێمی تاران لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ دەستخستنی چەكی كۆكۆژ و ئێمەیش رێگە بەوە نادەین.
پێنس زیاتر گوتی، هاوكات میلیشیاكانی حووسی لە یەمەن پشێوی و ئاژاوە لە ناوچەكە دەنێنەوە لە رێگەی بەكارهێنانی مووشەكی ئێرانی و دووپاتی كردەوە كە رژێمی ئێران میلیشیاكان لە ناوچەكە چەكدار دەكات و ئازادی گەلەكەیشی سەركوت دەكات.
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە كاتی كردنەوەی كۆنگرەی وارشۆ كە بە بەشداری 60 دەوڵەت هاتە سازكردن و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، داوای گەڕێكی نوێی هاوكاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی كێشە و مەترسییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد.
پۆمپیۆ دووپاتی كردەوە كە هیچ دەوڵەتێك ناتوانێت بێلایەن بمێنێتەوە. هاوكات بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرئیل رای گەیاند كە ئێران گەورەترین هەرەشەیە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست.