دوای نەشتەرگەری كۆرپەلەیەك دەخرێتەوە منداڵدانی دایكی

:: PM:05:37:14/02/2019 ‌

رۆژنامەیەكی بەریتانی بڵاوی كردەوە كە لە پرۆسەیەكی نائاساییدا كە لە بەریتانیا ئەنجام دراوە، نۆشداران كۆرپەلەیەكیان لە منداڵدانی دایكی هێناوەتە دەرەوە و دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەك بۆی، گەڕاندوویانەتەوە شوێنی خۆی.

رۆژنامەی " The Mirror"ی بەریتانی ئاماژەی كرد، پزیشكی چاودێر بۆ دۆخی دایكی كۆرپەلەكە بیتان سیمبسۆن كە خەڵكی برینهامە، لە كاتی پشكنینی ئەو دایكە دووگیانە بە شەپۆڵەكانی دەنگی لە پێنجەم مانگی دووگیانیدا، بۆی دەركەوت كە كۆرپەلەكە شێوانی زكماكی هەیە، كە پشكنینیەكانی دوای ئەوەیش هەمان شتیان سەلماند، بۆیە دەركەوت كە كۆرپەلەكە تووشی كێشەیەك بووە لە بڕبڕەی پشتی و بۆ دواڕۆژ كێشەی بۆ دروست دەبێت. 

ئەو پزیشكە سێ بژارەی لەبەردەم دایكەكە دانا، یان دەستكاری نەكردنی گەشەی كۆرپەلەكە و تووشبوونی شێوان، واتە منداڵێكی شێواوی دەبێت، وەیا نەشتەرگەری لەبارچوونی بۆ بكات، یان دەرهێنانی كۆرپەلەكە و ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆی و گەڕاندنەوەی بۆ منداڵدانی، بۆیە دایكەكە سێیەم بژارەی هەڵبژارد سەرەڕای سەختییەكەیەوە. 

دوای سەركەوتنی نەشتەرگەرییەكە پێشبینی دەكرێت كە سیمسۆن كۆرپەلەكەی لە مانگی نیسانی داهاتوو ببێت، بەوەیش دەبێتە چوارەم ژن لە بەریتانیا كە ئەو نەشتەرگەرییەی بۆ دەكرێت، ئەو دایەكە داوا لە هەموو ژنە دووگیانەكانی تر كرد كە هەمان كێشەی ئەویان هەیە بەوەی نەترسن و نەشتەرگەرییەكە ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی منداڵی تەندروستیان ببێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل