چاودێران: ئەنجوومەنی نەهێشتنی گەندەڵی لە عێراق گەندەڵییەكی ترە

:: PM:07:02:14/02/2019 ‌

لە سەرەتای ئەمساڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی دامەزراندندنی ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی لە عێراق دەركرد، ئەوەیش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكوومەت بۆ كاراكردنی رێوشوێنەكانی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی كە لە وڵاتدا تەشەنەی كردووە، جیا لە فەراهەمكردنی پاڵنەری زیاتر بۆ دەزگا چاودێرییەكانی تر بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵكاران.

پێكهێنانی ئەو ئەنجوومەنە لەناو مشتومڕێكی زۆری خەڵك و سیاسیدا دێت، لە نێوان ئەوانەی پاڵپشتی لێ دەكەن و ئەوانەیشی گومانیان لە توانا و كارەكانی هەیە بەوەی وریایی دەدەن بكرێتە ئەڵقەیەكی تری گەندەڵی و بچێتە پاڵ دامەزراوەكانی تری پێوەندیدار بە نەهێشتنی گەندەڵی لە عێراق.

دوای پێكهێنانی ئەنجوومەنەكە، دەچێتە پاڵ سێ دەزگای تری پێوەندیدار بە نەهێشتنی گەندەڵییەوە كە پێشتر دەستەی نەزاهە و چاودێری دارایی و نووسنگەی پشكنەرانی گشتی لە وەزارەتەكان هەبوون كە هەموویان بەپێی یاسای پەرلەمای عێراق دامەزراون.   

سائیر ئەحمەد، شارەزای یاسایی دەڵێت، پێكهێنانی ئەنجوومەنەكە پێچەوانەی یاساكانی پێكهێنانی دەستەی دەستپاكی و دیوانی چاودێری دارایی و نووسینگەی پشكنەرانی گشتییە، چونكە هەموو ئەو دەزگایانە سەر بە پەرلەمانی عێراقن، لەوكاتەی ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت، زیاتر گوتی، پێكهێنانی ئەنجوومەنەكە شتێكی نوێی تیادا نییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، چونكە مادەی دووی یاسای دەستەی دەستپاكی كە ئەرك و كارەكانی دیاری كردووە، ئەركەكانی زیاترە لەو ئەنجوومەنە نوێیە، جیا لەوەیش یاسای دیوانی چاودێری دارایی دەسەڵاتی زیاتری لەو ئەنجوومەنە نوێیە هەیە.  

ئەو شارەزایە پێی وایە كە پاساوەكانی پێكهێنانی ئەو ئەنجوومەنە بەس نییە و لە رووی یاسایی و كارگێڕییەوە ەوە هیچ بەهایەكی نییە، جیا لەوەی ئەركەكانی تێكهەڵكێشن لەگەڵ كاری سێ دامەزراوەكەی تر، بۆیە عەبدولمەهدی لە رێگەی پێكهێنانی ئەو ئەنجوومەنەوە هەوڵی راكێشانی بەڕەكە لەژێر پێی پەرلەمان دەدات، چونكە مەرجەعیەتی ئەنجوومەنە نوێیەكە ئەنجوومەنی وەزیرانە نەوەك پەرلەمان. ئەحمەد لە كۆتادا دەڵێت، زۆرینەی چاودێران پێیان وایە كە ئەو ئەنجوومەنە نوێیە ئەڵقەیەكی تری گەندەڵییە و دەچێتە پاڵ زنجیرەی گەندەڵییەكانی حكوومەت لە عێراق.

ئەشعەس فەرزۆنی، نووسەر و رۆژنامەوان لەو بارەوە لە وتارێكیدا دەڵێت، ئەو بڕیارەی سەرۆك وەزیران وەرزێكی تری شانۆگەری پێكەنیناوی سیاسییە لە عێراق بۆ سەرقاڵكردنی عێراقییەكان بە چەند ژەمێكی سڕكردنی هۆش و بیریان و پێكهێنانی ئەو ئەنجوومەنە یان لە نەزانی سەرۆك وەزیرانە وەیا تێنەگەیشتنیەتی بۆ دۆخی راستەقینەی سیاسی عێراق، یان ئەوەتا بەشێكە لە شانۆگەرییەكی سیاسی كە ئەوەیش ئەگەری زیاتری هەیە، چونكە عەبدولمەهدی باش دەزانێت كە ئەوانەی ئەنجوومەنەكە پێك دێنن و بەڕێوەی دەبەن و سەرپەرشتی و چاودێریشی دەكەن هەر ئەوانەن كە فەرمانڕەوان یان پاڵپشتیان دەكەن كە هەموو ئەوانەن بە گەندەڵی تۆمەتبارن.  

رەحیم دەراجی، ئەندامی پێشووی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەنجوومەنەكە ئەڵقەیەكی زیادە لە دامەزراوەكانی حكوومەت، ئەوەیش بەهۆی زۆری دەزگاكانی چاودێرییەوە، بۆیە دەبوایە حكوومەت كاری بكردایە بۆ پاڵپشتیكردنی دەستەی نەزاهە و دیوانی چاودێری دارایی و نووسینگەی پشكنەران و كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوانە لە بری زیادكردنی دامەزراوەیەكی تر كە دەبێتە بارگرانی بەسەر دەوڵەت لە رێگەی دیاریكردنی خەرجی بۆی و كارەكەیشی رووبەڕووی كاری دامەزراوەكانی تر دەبێتەوە.

دەراجی زیاتر گوتی، نەهێشتنی گەندەڵی پێویستی بە خواستێكی سیاسییانە هەیە كە لای چینی سیاسی لە عێراق بوونی نییە، بۆیە تا ئەوكاتەی گەندەڵی لە عێراق كەوتووەتە ژێر ویستی لایەنە سیاسییەكانەوە، پێشبینی ناكرێت كە چارەسەری ریشەیی بۆ بدۆزرێتەوە لە رێگەی ئەو ئەنجوومەنە نوێیەوە، ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو دەڵێت، پێویست بوو لە بری ئەوە عەبدولمەهدی لێكۆڵینەوەی لە بودجەی 2014ی عێراق بكردایە كە پەرلەمان دەنگی لەسەر نەدا و تا ئەو ساتەیش نازانرێت كە چۆن خەرج كراوە، لەو كاتەی بڕەكەی گەیشتە 140 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی.

لای خۆیەوە ماجید عەزاوی شارەزای ئابووری دەڵێت، ئەگەر عەبدولمەهدی نیازێكی راستەقینەی هەبێت بۆ نەهێشتنی گەندەڵی، ئەو ئەنجوومەنەی دانەدەمەزراند كە قوڕسایی زیاتری دارایی و كارگێڕی دەخاتە سەر بودجەی دەوڵەت، بۆیە ئەنجوومەنەكە تەنیا ئەڵقەیەكی تری زیاد لە دەزگاكانی دەوڵەت دەبێت، ئەو لە بری ئەوە دەیتوانی سەرۆكێك بۆ دەستەی دەستپاكی دیاری بكات كە 10 ساڵە بەوەكالەت بەڕێوە دەچێت، جیا لەوەی هەموو دەزگاكانی چاودێری لە وڵات نەیانتوانی پۆلێنی عێراق لە گەندەڵی لەسەر ئاستی جیهان باشتر بكەن، بۆیە ئەو ئەنجوومەنە چیتر زیاد دەكات لە تەنیا بوونی وەك دامەزراوەیەكی تری گەندەڵی لە عێراق؟.

لێرەدا عێراقییەكان دەپرسن ئاخۆ بوونی دەزگاكانی تری پێوەست بە نەهێشتنی گەندەڵی لە عێراق لە سایەی بوونی عێراق لە پلەی 169مین لە نێوان 180 دەوڵەت لە پێوەری جیهانی گەندەڵیدا بەپێی پێوەرەكانی رێكخراوی دیودەری جیهانی بۆ 2018، چی بووە تا باسی دامەزراندنی دەزگایەكیتری هاوشێوەی ئەوان بكرێت؟. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل