بە بۆچوونی ئیبراهیمۆڤیچ چوار یانە پاڵێوراون بۆ چامپیۆنس لیگ

:: AM:11:59:15/02/2019 ‌

زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی ئەستێرەی سوێدی و هێرشبەری یانەی لۆس ئەنجلۆس گالاكسی ئەمەریكی بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەو یانانە ئاشكرا كرد كە دەتوانن لە وەرزی ئەمساڵدا جامی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا (چامپیۆنس لیگ) بەدەستبێنن.

ماڵپەڕی (فوتبۆڵ ئیتاڵیا) پرسیاری لە ئیبراهیمۆڤیچ كرد سەبارەت بەو یانانەی پاڵێوراوی ئەمساڵن بۆ جامی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

لە وەڵامدا ئیبراهیمۆڤیچ رایگەیاند: ئەمساڵ ركابەرییەكان لەنێوان یانەكان كراوەن، هیچ یانەیەك باشتر لە یانەكانی تر نابینم و ئاستی سەرجەمیان لەیەكترەوە نزیكە.

زیاتر گوتی: لەوانەیە ئەمساڵ یەكێك لە یانەكانی پێشووترم پاریس سان جێرمانی فڕەنسی، مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی یان یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی و بەرشەلۆنەی ئیسپانی جامەكە ببەنەوە.

ئیبراهیمۆڤیچ هەروەها رایگەیاند: بەداخەوە یانەی ئینتەر میلان لە پاڵەوانیەتییەكە دەكرا و یانەی میلانیش نەگەیشتبووە ركابەرییەكان، بۆیە ئێستا چوار یانە پاڵێوراوان و ئاواتەخوازیشم یەكێك لەو یانانە ناسناوەكە ببەنەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م