رۆژنامەیەكی ئیسپانی وادەی گەڕانەوە و یاریكردنی ئەستێرەی فڕەنسی عوسمان دێمبێلێ لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ئاشكرا كرد.
رۆژنامەی (سپۆڕت) بڵاوی كردەوە: پێشبینی دەكرێ دێمبێلێ لە یاریی داهاتووی یانەی بەرشەلۆنە بەرامبەر یانەی بەلەد وەلید لە خولی ئیسپانیا لە پێكهاتەی سەرەكی یانەكەی یاری بكات.
رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: یاریكردنی دێمبێلێ لە بەشێكی یارییەكەی هەفتەی رابردووی یانەی بەرشەلۆنە بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو، ئەوە دەگەیەنێ كە ئەم ئەستێرە فڕەنسییە بۆ یاریی داهاتوو 100% ئامادەیە.
پێشبینی دەكرێ ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی رۆژی شەمووی داهاتوو بەرامبەر یانەی بەلەد وەلید لە گەڕی 24ی خولی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بەشێوەی سەرەكی یاری بە دێمبێلێ بكات.
ئەمەش بۆ ئەوەیە كە ئەستێرە لاوەكە بۆ یاریی سێشەمی داهاتووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی لیۆنی فڕەنسی لە رووی توانای جەستەییەوە بەتەواوی بۆ یاریكردن ئامادەبێت.
جێی باسە دێمبێلێ لە رۆژی 20ی مانگی رابردوو لە یارییەكەی نێوان بەرشەلۆنە و لیگانیس تووشی پێكانی ئەژنۆی هات و بەهۆیەوە ماوەی 3 هەفتە لە یاریكردن دابڕا، هەفتەی رابردووش لە لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی ئەتلەتیك بیلباو لەنێو یاریگەی سان مامیس بۆ ماوەی 15 خولەك یاریی كرد كە تێیدا هەردوو یانەكە بەبێ گۆڵ یەكسان بوون.