عێراق مەرزێكی نوێ لەگه‌ڵ سعوودیە دروست دەكات

:: PM:04:42:15/02/2019 ‌
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 15ى شوبات، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی فیدراڵ، ڕاى گه‌یاند، كه‌وا عێراق به‌ فه‌رمى دەستى كردووه‌ بە دروستكردنی مەرزی عەرعەری نوێ‌ لەسەر سنوری سعوودیە.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی نخێبی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق، لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاندووە، كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست "وشه‌" كه‌وتووه‌، "بەڕێوەبەرایەتییەكەیان دەستی كردووە بە دامەزراندنی كۆمەڵگەیەكی نوێ‌ لەسەر ڕووبەری 547 دۆنم كە بەشە حكوومییەكان و هەموو فەرمانگە پێوەنیدارەكانی كاركردن لە مەرزەكەدا لەخۆ دەگرێت، بە گومرگ و پاسپۆرت و بەشی تەندروستی و ڤێتێرنەری و تەلارە ئیداریییەكانی تر".

زیاتر هاتووه‌، "ژێرخانی مەرزەكە، دانانی موەلیدەی كارەبایی گەورە و وێستگەی پاڵاەوتنی ئاو و سەنتەری تەندروستی و مزگەوتێك و دەزگای پشكنین بە لێزەر و گۆڕەپانەكان و ڕێگەوبانەكان، لەخۆ دەگرێت".

حكوومه‌تى عێراق بۆ ئه‌مساڵ به‌ نیازه‌ چه‌ندان ده‌روازه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و لاوه‌كى له‌ هه‌رێمى كوردستان و باشوورى عێراق بكاته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى گرنگیدان به‌ لایه‌نى بازرگانى كه‌ به‌شێكى زۆریان ده‌كه‌وێته‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌.


وشە - محەمەد میران