سارا عوسمان كچێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته و قاچێكی له ده‌ست داوه، ئه‌و له كاتی كۆڕه‌وه‌كه‌ی ساڵی 1991 له سلێمانی له دایك بووه، ساڵی 2016 به‌شی شێوه‌كاریی كۆلێژی هونه‌ری زانكۆی سلێمانی ته‌واو كردووه و ئێسته‌یش ئه‌ندامی ده‌سته‌ی باڵای یه‌كێتی كه‌مئه‌ندامانی كوردستانه و خۆبه‌خشانه كار ده‌كات.
سارا له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ئاماژه به‌وه ده‌دات كه له كاره هونه‌رییه‌كانی زیاتر له‌سه‌ر "پێرفۆرمانس" كار ده‌كات، تابلۆكانیشی زیاتر باس له سه‌لماندنی ژنێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كه‌ن.
ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریت بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
به حه‌ز و ئاره‌زووی خۆم كۆلێژی هونه‌رم هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ بخوێنم. له منداڵیمه‌وه له شانۆگه‌ری و له كۆمه‌ڵێك شتی وه‌ك چالاكی خوێندنگه‌كان به‌شداریم كردووه، ئه‌مانه بوونه پاڵنه‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی بمه‌وێ بڕوانامه له‌و بواره‌دا به‌ده‌ست بێنم، خۆشبه‌ختانه ساڵی 2012 له كۆلێژی هونه‌ر به‌شی شێوه‌كاری وه‌رگیرام.
كۆتا پێشانگه‌ی شێوه‌كاریت كه‌ی بوو؟
كۆتا پێشانگه‌م له ساڵی 2017 به‌ناوی "تۆ له بووكێنی من"دا بوو كه پێشانگه‌یه‌كی تایبه‌ت بوو، باسی له گرفته‌كانی ژنانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ده‌كرد له كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریدا. ئێسته‌یش سه‌رقاڵی پێشانگه‌یه‌كی ترم و چه‌ند تابلۆیه‌كیشی تێدایه ده‌مه‌وێ له رێیانه‌وه باسی سه‌ما بكه‌م بۆ ژنێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت. جگه له پێشانگه‌ی تایبه‌ت، به‌شداری شه‌ش تا حه‌وت پێشانگه‌ی هاوبه‌شم كردووه.
زیاتر له‌سه‌ر چی كار ده‌كه‌ی و تابلۆكانت گوزارشت له چی ده‌كه‌ن؟
له كاره هونه‌رییه‌كانم زیاتر له‌سه‌ر "پێرفۆرمانس" كار ده‌كه‌م. تابلۆكانم زیاتر باس له سه‌لماندن و بوونی ژنێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌كه‌م، چونكه كاتێك تۆ من ده‌بینی، یه‌كسه‌ر چاوت ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ی جه‌سته‌م كه نیمه، بۆیه له تابلۆكانمدا باسم له‌وه كردووه چۆن ئێمه‌یش وه‌ك هه‌موو كه‌سێكی تر بتوانین هێزی كار بهێنینه كۆمه‌ڵگه، هه‌روه‌ها بتوانین ببین به دایك و ماڵ به‌ڕێوه ببه‌ین یان هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بۆ كه‌سێكی ئاسایی شیاوه، بۆ ئێمه‌یش شیاو بێت.
جگه له شێوه‌كاری، خولیات بۆ چ كارێكی تر هه‌یه؟
ده‌ستی نووسینم هه‌یه و ده‌یان شیعرم هه‌ن، به‌ڵام نامه‌وێ ناویان بنێم شیعر، چونكه هه‌موویان شیعری كورتن و له داهاتوودا ده‌مه‌وێ كۆیان بكه‌مه‌وه و بیانكه‌م به كتێبێكی شیعری یان نامیلكه‌یه‌كی بچووك بۆ ئه‌وه‌ی بۆم بمێنێته‌وه، چونكه شیعره‌كانم خۆش ده‌وێن. هاوكات سیمیناری هوشیاریم له‌سه‌ر كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت پێشكه‌ش به منداڵانی سه‌ره‌تایی كردووه.
له‌و سیمینار و نووسینانه‌دا ده‌ته‌وێ چی بگه‌یه‌نی؟
تێكستی كچانه ده‌نووسم و هه‌میشه ویستوومه له‌ڕێی ئه‌م تێكستانه‌وه ئه‌و گرفتانه باس بكه‌م كه له ناخی مندا هه‌ن، یان مێینه‌بوون له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا تا چه‌ند ئاسته‌نگ بۆ ئێمه دروست ده‌كات، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ژن بیت و له هه‌مانكاتدا خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت بی، گرفته‌كان زۆر زیاتر ده‌بن له ژنێكی ئاسایی، هه‌موو ئه‌مانه بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامبم له نووسین، هه‌م له كاری شێوه‌كاریش له‌سه‌ر ژن كار بكه‌م.
نووسینی شیعر و كێشانی تابلۆ چ هه‌ستێكت پێ ده‌به‌خشن؟
به‌لای منه‌وه نووسین ئه‌و شته‌یه كه مرۆڤ ده‌توانێ هه‌سته‌كانی له‌و ڕێیه‌وه ده‌رببڕێ، زۆر جاریش له ڕێی تابلۆكانه‌وه گوزارشت له ناخی خۆمان ده‌كه‌ین.
له نێوان نووسین و هونه‌ری شێوه‌كاریدا خۆشه‌ویستیت بۆ كامیان زیاتره؟
خۆشه‌ویستی زیاترم بۆ نووسینه، چونكه به‌رده‌وام ده‌نووسم و نووسینه‌كانیشم وه‌ك ئاماژه‌م پێ كرد زیاتر له خزمه‌تی ژنانه، به‌تایبه‌ت ئه‌و ژنانه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن. هه‌روه‌ها كاتێك له قۆناغی زانكۆ بووم، چه‌ند جارێك كۆڕی شیعریم بۆ ساز كراوه و كۆڕه‌كه‌م بردووه به‌ڕێوه.
جیا له نووسین و هونه‌ری شێوه‌كاری، زۆر جار خۆبه‌خشانه خولی جۆراوجۆر ده‌كه‌یته‌وه؟
هه‌ندێك جار خولی ده‌ستڕه‌نگینیم بۆ ژنان و ئاواره‌كان و كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت كردووه‌ته‌وه، واته ئه‌و هونه‌ره‌ی ده‌یزانم، ته‌نیا نووسین و تابلۆ نییه، پێم خۆشه كه ده‌بینم ژنان له ڕێی هونه‌ره‌كانیانه‌وه داهاتی خۆیان دابین ده‌كه‌ن، بۆیه چه‌ند جارێك خۆبه‌خشانه ئه‌م جۆره خولانه‌م بۆیان كردووه‌ته‌وه.
تا ئێسته ئه‌وه‌ی تۆ ویستووته و هه‌وڵت بۆی داوه پێی گه‌یشتووی؟
من هه‌میشه كه‌سێكی گه‌شبینم و دڵم خۆشه، دروشمێكی تایبه‌ت به خۆمم هه‌یه كه "بڕوابوون به به‌یانییه‌كی جوانتر" و ئه‌م دروشمه به‌رده‌وام نوێ و تازه ده‌بێته‌وه، واته هه‌میشه هیوایه‌ك له مندا هه‌یه كه پێویسته به‌رده‌وام بم، هه‌رچه‌نده بۆ كه‌سێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت زۆر قورسه كه ڕۆژانه به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕووی قورسی و ئه‌سته‌مییه‌كانی ژیان ده‌بێته‌وه، به‌ڵام من خاوه‌ن ئیراده‌یه‌كی به‌هێزم و هه‌میشه باوه‌ڕم به به‌یانییه‌كی جوانتر هه‌یه و هه‌میشه له هه‌بوونه‌كانمه‌وه سه‌یری ژیان ده‌كه‌م، ئومێدم به‌وه هه‌یه كه به هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌گه‌م كه هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌م، به‌ڵام كاتێك مرۆڤ به ئامانجه‌كانی ناگات، ئه‌و كاته‌یه كه بوه‌ستێ.
تا ئێسته چه‌ند پڕۆژه‌ی مرۆییت ئه‌نجام داوه؟
له‌و ڕۆژه‌ی كه زانكۆم ته‌واو كرد، له ڕێوه‌ڕسمی وه‌رگرتنی بڕوانامه‌كه‌م پڕۆژه‌یه‌كم ڕاگه‌یاند به‌ناوی "به‌گشتیكردنی شوێنه گشتییه‌كان"، ئامانجی پڕۆژه‌كه‌م ئه‌وه‌بوو كه جارێكی تر شوێنه گشتییه‌كان به گشتی بكرێنه‌وه، چونكه كاتێك كه ده‌ڵێی باخی گشتی، ئه‌وه باخی گشتی نییه، له‌به‌رئه‌وه پایه‌كانمان شكاند و ڕێیه‌كمان كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تیش بتوانن بچنه ژووره‌وه، دوای ئه‌وه له مزگه‌وته‌كان و فه‌رمانگه‌كاندا توالێتی تایبه‌ت به خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته‌كان دروست كرد و تا ئێسته‌یش ئه‌م پڕۆژه‌یه‌م به‌رده‌وامی هه‌یه.
كۆتا پێشانگه‌م له ساڵی 2017 به‌ناوی "تۆ له بووكێنی من"دا بوو
وشه/دیمانه‌ی محه‌مه‌د جه‌مال