خورماتوو..دوای هەفتەیەک لە کوژرانی ئافرەتێک بکوژەکان ئاشکرا بوون

:: PM:12:07:16/02/2019 ‌

 

 

پاش شەش رۆژ لە خنكانی بێوەژنێكی كوردی شارۆكەی خورماتوو، ئەمڕۆ شەموو16ی شوباتی 2019 پۆلیسی خورماتوو لەرێگەی كامیرای چاودێرییەوە بكوژانی ئاشكرا كرد .

 

عەمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكەی خورماتوو، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ماوەی شەش رۆژ دەبێت لە لێكۆلینەوەداین بۆ دۆزینەوەی سەرەداوی بكوژانی ئافرەتێكی تەمەن 31 ساڵی خەڵكی شارۆكەی خورماتوو بەنەتەوە كورد بەناوی "میدیا ئەحمەد" كە لەپیاوی جیاببوویەوە و لەگەل 3 منداڵیدا دەژیا.

 

ئەو گوتیشی تاوانی كوشتنی ئەو ئافرەتە لەرێگەی چەكەوە نەبووە بەڵكووبە پەت خنكێنراوە، بۆئەوەی دەنگی تەقە نەبیسترێت،پاشتر كامێرای چاودێری ماڵەكانی تەنیشتی ماڵی قوربانییەكە بران بۆ پۆلیس و ئەمڕۆ پاش سەیركردنیان بە وردی دەركەوتووە ،خوشك و برایەكی خۆی كە نیشتەجێی  شارەدێی رزگاری سەر بەكەلارە تاوانەکەیان کردووە.

 

ئەو خوشك و برایەی تاوانەكەیان ئەنجام داوە نەگیراون بەڵام ناسراونەتەوەو فەرمانی گرتنیان بۆ دەركراوە، پاش گرتنیان لەهۆكارەكەی دەكۆڵنەوە .

 

لەخورماتوولە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە نووسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان نییە، بۆیە تەنیا پۆلیسی ناوخۆ لێكۆڵینەوە لەدۆسیەی تایبەت بە ئافرەتان دەكات.

 

گەرمیان / سەبری هۆرێنی

 

 



وشە - سلێمان تاشان