ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا، وریایی لە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا و ئەفغانستان دەدات و دەڵێ، كشانەوەكە دەبێتە هۆی زیاتر بوونی هەژموونی رووسیا و ئێران، هاوكات بەڵێنیش بە زیاتر كردنی بودجەی بەرگری وڵاتەكەی دەدات.
ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا لە كۆنگرەی ئاسایشی میونشن، هۆشداریدا لە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا كە پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند بوو.
مێركڵ لە كاتی پێشكەشكردنی گوتاری ئەڵمانیا ئەمڕۆ شەموو 16ی شوبات/ فێبرایەر، ئاماژەی دا، كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا دەبێتە هۆی زیاتر بوونی هەژموونی رووسیا و ئێران لەو وڵاتە، گوتی "ئایا كشانەوەیەكی وەها بە پەلە بیرۆكەیەكی باشە بۆ ئەمەریكیەكان؟ ئایا ئەوە نابێتە هۆی چۆڵ كردنی گۆڕەپانەكە تا رووسیا و ئێران زیاتر هەژموونی خۆیان بەسەر ئەو وڵاتە بسەپێنن؟".
راوێژكاری ئەڵمانیا لە گوتارەكەیدا، هۆشداری لە بارەی كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە ئەفغانستانیش دا، باسی لەوە كرد كە هەوڵی زۆر لەگەڵ ئەڵمانیا دراوە تا هێزەكانی لە ئەفغانستان بهێڵێتەوە بۆ پارێزگاری كردن لە سەقامگیری ئەو وڵاتە، گوتی "نامانەوێت ئەو دیمەنە ببینین بە ناچاری پاشەكشە بكەین، مانەوەی سوپای ئەڵمانیا پێوەستە بە دابینكردنی ئەو توانا سەربازییانەی كە دەبێت ئەمەریكا دابینی بكات لە چوارچێوەی ناتۆ".
مێركڵ لە بەشێكی تری گوتارەكەیدا هێمای بۆ زیاد كردنی بودجەی بەرگری وڵاتەكەی كرد، بەوەی خەرجی سەربازی زیاتر بكەن.
هۆشدارییەكانی مێركڵ لە كاتێكدایە پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەی دا بوو بە كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ئەفغانستان كە بەهۆیەوە هاوپەیمانانی لە ئەفغانستان نیگەران كردووە.