توێژینەوەیەكی ئەڵمانی: لە سووریا 336 هێرشی كیمیایی ئەنجام دراوە

:: PM:05:25:16/02/2019 ‌

بەگوێرەی توێژینەوەیەك لە 2011 تا ئێستە لە سووریا 336 هێرش بە چەكی كیمیایی و غازی كلۆر ئەنجامدراوە كە 98%ی بەرپرسیاریەتیەكەی دەكەوێتە ئەستۆی حكوومەتی بەشار ئەسەد.

پەیمانگەی بەرلینی نێودەوڵەتی بۆ سیاسەتی گشتی، لە راپۆرتێكیدا لە بارەی هێرشە كیمیاییەكانی سووریا لە 2011 و ساتی هەڵگیرسانی بەهاری عەرەبی لەو وڵاتە تا 2018، ئاشكرای دەكات كە 336 هێرش بە چەكی كیمیایی و غازی كلۆر و غازە قەدەغەكراوەكانی تر ئەنجامدراوە، ئەو ژمارەیەش زۆر لەو ژمارەیە زیاترە كە پێشتر ئاماژەی پێ كراوە.

گۆڤاری دێر شپیگلی ئەڵمانی كە راپۆرتەكەی بڵاوكردووەتەوە، هێما بۆ ئەوە كراوە كە 98%ی بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشانەی كە چەكی كیمیایی قەدەغە كراوی تێدا بەكار هاتووە دەكەوێتە ئەستۆی رژێمی بەشار ئەسەد.

راگەیاندنی راپۆرتەكە لە كاتێكدایە تیمی شارەزایانی نێودەوڵەتی كە هەڵسەنگاندنیان بۆ هێرشەكان كردووە، تەنیا باس لە 162 هێرش دەكەن كە چەكی كیمیایی تێدا بەكار هاتبێت، بەڵام توێژینەوەكەی پەیمانگەی بەرلینی نێودەوڵەتی دەڵێ، بە بەڵگە سەلمێنراوە كە 336 هێرش چەكی كیمیایی تێدا بەكار هاتووە و بەشی زۆریشیان لەلایەن سوپای رژێمی ئەسەد بووە لە سەرەتای بەهاری عەرەبی بووە.
    
هاوكات توێژینەوەكە لە كاتێكدایە بەپێی راپۆرتێكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان،  لە سەرەتای شۆڕشی بەهاری عەرەبی تا سەرەتای ئەمساڵ، تەنیا 34 هێرش چەكی كیمیایی تێدا بەكار هاتووە و سەلمنێراوە و بەرپرسیاریەتی زۆرینەی هێرشەكانیش خراوەتە ئەستۆی رژێمی ئەسەد.




وشە - فه‌رمان سادق