عێراق.. پۆستە باڵاكانی بە وەكالەت بەڕێوە دەچن یەكلا دەكرێنەوە

:: PM:06:35:16/02/2019 ‌
لە كاتێكدا بەگوێرەی بەدواداچوونێك 90%ی پۆستە باڵاكانی حكوومەتی عێراق لە ئاستی وەزارەت و دەستە سەربەخۆكان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، بە وەكالەت بەڕێوە دەچن كە ژمارەیان زیاتر لە پێنج هەزار پۆست دەبێت. پەرلەمانتارێك دەڵێت، تا مانگی حوزەیران پەرلەمان بەرپرسانی هەموو ئەو پۆستانە لادەبات و كەسانی تر لە جێگەیان دادەمەزرێنێت.

محەمەد غزی ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، رای گەیاند بەڕێوەبردنی پۆستە باڵا و پلە تایبەتەكان رەت دەكەینەوە و گوتی، "پێشتریش پەرلەمان ئەو پرسەی چارەسەر كردووە كە تا 30ی حوزەیرانی داهاتوو، تەواوی ئەو پۆستانەی بە وەكالەت بەڕێوە دەچێت، بەرپرسەكان لە پۆستەكانیان دوور دەخرێنەوە و مووچە و دەرمالەكانیان دەبڕدرێت، ئەوەیش بەشێوەی كۆتایی نەك خانەنشین بكرێن، لە جێگەی ئەوانیش كەسانی تر دادەمەزرێندرێن".

ئەو لێدوانەی غزی، لە كاتێكدایە بەگوێرەی بەدواداچوونێك پێنج هەزار پۆستی باڵا و پلەی تایبەت لە عێراق، بە وەكالەت بەڕێوە دەچن كە دەكاتە 90%ی دامەزراوەكانی دەوڵەت كە بە وەكالەت بەڕێوە دەچن.

بەپێی راپۆرتێك لە بارەی پلە تایبەت و باڵاكان لە عێراق، 715 پلەی تایبەت هەن كە پلەی بریكاری وەزیریان هەیە، هەروەها چوار هەزار و 500یشیان پلەی بەڕێوەبەری گشتیان هەیە. هەر بەپێی راپۆرتەكە لە 2013 تا 2014، زیاتر لە 200 كەس بە پلەی بریكاری وەزیر دامەزراون، هەروەها لە 2015 و 2016 زیاتر لە 50 كەسی تریش بە پلەی بریكاری وەزیر دامەزراون و پۆستی باڵایان پێدراوە. جگە لەوانە، 23 دەستەی سەربەخۆ لە كۆی 37 دەستە، ماوەی 10 ساڵە بە وەكالەت بەڕێوە دەچن.

بەڕێوەبردنی هەزاران پۆستی باڵا لە كاتێكدایە عەبادی لەو كاتەی بووە سەرۆك وەزیران بەڵێنی دا كە دیارەدەی بەڕێوەبردنی فەرمانگە و دامەزراوەكان بە وەكالەت كۆتایی پێ بێنێت، بەڵام لە سەردەمی ئەودا زیادیان كرد، لە ئێستەیشدا هەوڵ و گوشاری زۆر هەیە بۆ كۆتاییهێنان بەو بەڕێوەبردنی فەرمانگە و دامەزراوەكان بە وەكالەت.



وشە - فه‌رمان سادق