هێرشەكەی زاهدان و پەیامی ئێران بۆ ناوچەكە

:: PM:06:49:16/02/2019 ‌

هەفتەی رابردوو تەقینەوەیەكی خۆكوژی شاری زاهدانی ئێرانی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە كردە ئامانج و بووە هۆی كوژرانی 27 ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێرانی، ئەگەرچی گرووپی "سوپای عەدل"، بەرپرسیارەتی ئەنجامدانی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ، بەڵام فەرماندەی سوپای پاسداران دەڵێت، ئەو گرووپە لەلایەن هێزە تەناهییەكانی پاكستان پاڵپشتی دەكرێت.

لیوا محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێك كە كەناڵی تەلەڤزیۆنی حكوومەتی ئێرانی ئەمڕۆ شەموو پەخشی كرد رای گەیاند، هێزە تەناهییەكانی حكوومەتی پاكستان پاڵپشتی لەو گرووپە چەكدارییە دەكەن كە ئەو هێرشەیان لە زاهدان ئەنجام داوە و بەو هۆیەوە 27 ئەندامی سوپای پاسداران كوژراون. 

وەك ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی بڵاوی كردەوە، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەیە لە هەریەك لە سعوودیە و ئیمارات كرد لە دوای هێرشەكە و بە ئاسانكاری كردن بۆ ئەنجامدانی تۆمەتباری كردن، جیا لە بوونی رۆڵی پاكستان، لیوا جەعفەری گوتی، پێویستە حكوومەتی پاكستان كە داڵدەی ئەو ئەندامانەی داوە و بە شوێنیان دەزانێت و هێزە تەناهییەكانی ئەو وڵاتە پاڵپشتیان دەكەن، بەرپرسیاری ئەو تاوانە بگرنە ئەستۆ، وەك ئاماژەیەك بۆ گرووپی "سوپای عەدل". 

رۆژێك دوای هێرشەكەی زاهدان محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران هەوڵی دا هێرشەكە بە كۆنگرەی وارشۆ ببەستێتەوە كە هەفتەی رابردوو بەڕێوە چوو، ئەو تۆمەتەی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بە بانگەشەیەكی بێمانای دانا، لەو كاتەی دوای هێرشەكەی چوارشەمی رابردوو گرووپی چەكداری "سوپای عەدل"، گە گرووپێكی بەرهەڵستكاری بلووچە و وەك بانگەشەی دەكەن ئەوان لەپێناو مافی سوننەی ستەملێكراوی ئێران خەبات دەكەن، بەرپرسیارەتی خۆی لەو هێرشە راگەیاند. 

جەعفەری لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی كوژراوانی هێرشەكە لە ئەسفەهان گوتی، بێگومان ئەگەر پاكستانییەكان سزای ئەوان نەدەن، ئەوكات رووبەڕووی رێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە دەبنەوە و حكوومەتی پاكستانیش لێكەوتەكانی ئەو پاڵپشتیكردنەی بۆ نەیارانی شۆرشی ئێران دەبینێت.

لەو بارەوە محەمەد سەلمی بەرشێوەبەری پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ئێرانی گوتی، ئێران دەیەوێت لەو رێگەوە پاڵپەستۆ بخاتە سەر پاكستان بۆ شێواندنی پێوەندییەكانی لەگەڵ سعوودیە، بۆیە ئەگەری هەیە ئێرانیش شانەی چەكداری نووستووی لە ناوچەكە جووڵە پێ بكات، لەو كاتەی ئەو دەیەوێت پاڵەپەستۆ بخاتە سەر پاكستان و سەردانەكەی محەمەد كوڕی سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە بۆ ئیسلام ئاباد بشێوێنێت.

هێرشەكە لە زاهدان رووی دا كە یەكەم هێرش نییە و بەر لە چەند مانگێكیش هێرشێكی هاوشێوە لەكاتی نمایشێكی سوپای پاسداران هاتە ئەنجامدان و ژمارەیەكی كردنە قوربانی، ئەوجارەیان "سوپای عەدل"، سەر بە رێكخستنەكانی جوندوڵا بەرپرسیارەتی خۆی لە هێرشەكە راگەیاند لە هەرێمی بلوچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران كە زۆرینەیەكی سوننە نیشتەجێیەتی و رووبەڕووی فەرامۆشكردن هاتوونەتەوە.

كردنە ئامانجی یەكەكانی سوپای پاسداران لە ئێران شتێكی نوێ نییە، بەتایبەتی لە پارێزگاكانی كە فارس و شیعە تیایاندا زۆرینە نین، لەوانە ناوچەكانی ئەهوازی زۆرینەی عەرەب لە باشووری رۆژئاوا و كورد لە باكوری رۆژئاوا و بلووچ لە باشووری رۆژهەڵات، كە لە سێپتێمبەری رابردوو هێرش كرایە سەر نمایشێكی سەربازی و دەیان پاسدار كوژران و ئەوكات بزووتنەوەی خەباتی عەرەبی رزگاریخوازی ئەهواز بەرپرسیارەتی هێرشكەی گرتە ئەستۆ، لەو كاتەی رێكخراوی داعش ئەویش بەرپرسیارەتی هێرشكەی راگەیاند و ئێران ئەوەی دووەمی بە راست دانا، بۆ رەوانەكردنی پەیامێك كە رووبەڕووی هێرشی تیرۆریستیانەی داعش دێتەوە.

لەو خوارەوە بەشێكە لە ماناو لێكەوتەكانی هێرشەكەی بلووچستان:
یەكەم/ هێرشەكە هاوكات لەگەڵ دوو بۆنە، یەكەمیان ساڵوەگەڕی 40مینی شۆڕشی ئێران كە حكوومەت و سەركردایەتی ئەو وڵاتە ئاهەنگی گەورەیان بەهۆیەوە گێڕا كە ئەندامانی سوپاكە و خێزانەكانیان رەوانەی شەقامەكان كران بۆ دیارخستنی قەبارەی پاڵپشتی بۆ سەركردایەتی ئەو وڵاتە، سەرەڕای سزاكانی ئابووری و سیاسی كە بەسەریدا سەپێنراوە. دووەم بۆنە بریتی بوو لە سازكردنی كۆنگرەی وارشۆ كە ئەمەریكا رێكی خستووە كە پرسی سەرەكی سازكردنی كۆنگرەكە رووبەڕووبوونەوەی ئێران و توندكردنی سزاكانی سەریەتی.

دووەم/ هێرشەكە وەڵامی یەكێك لە پارێزگاكانی فەرامۆشكراوی بلووچستانە و بەبیرهێنانەوەیەكە بەوەی خەڵكی ناوچەكە رژێمی مەزەوی ئەو وڵاتە رەت دەكەنەوە و سەلماندنی ئەوەیشە كە ئەو وێنەی راگەیاندنی ئێران لەبارەی پاڵپشتیكردنی هەموو گەلانی ئێران بۆ رژێمەكەی راست نییە و دووبارە دوای 40 ساڵ پرۆسەی دادوەری و یەكسانی نێوان گەلانی ئێران دەخرێتە روو.

سێیەم/ سەرانی ئێران نایانەوێت دان بە راستییەكە بنێن كە ستەملێكردن لەو وڵاتەدا هەیە وەك ئەوەی حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران بەر لە دوو ساڵ لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دانی پێدا نا، بۆیە وتاری ئێران دوای هێرشەكە دووبارە بووەوە بوو و بە دوو ئاراستەوە هات، ئاراستەكردنی تۆمەت بۆ سعوودیە و پاكستان بە پاڵپشتیكردنی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی سوونە لە ئێران و ئەوەی سوپای پاسداران وەڵامی ئەو هێلاشانە لە دەرەوەی ئێران دەداتەوە.

ئەوەی جیاواز بوو لە قسەكانی ئێران، لە دوای ئەم هێرشەی دوایی، ناوی پاكستانی زیاد كرد و پێشتر هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران نەكرد، كە رەنگە ئەوەیش ئاماژەیەك بێت بۆ ئەگەری ئەنجامدانی چەند كردەیەك لە چەند وڵاتێكی عەرەبی و ئەوروپایی و لە رێگەی گرووپە چەكدارەكانی لەو وڵاتانە. جیا لە دوورخستنەوەی ئیسرائیل لە تۆمەتەكانی كە ئەویەش مەبەستی تری سیاسی لەپشتەوەیە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل