راپۆتێكی نهێنی ئەمەریكی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دەترسێنێت

:: PM:08:02:16/02/2019 ‌
بەرپرسانی سێكتەری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ئەمەریكا، ئاشكرای دەكەن كە وەزارەتی بازرگانی راپۆرتێكی نهێنی رەوانە كردووە بۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە بارەی پرسی زیادكردنی باجی گومرگی بەسەر هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی یەدەگ بۆ ئەمەریكا. 

 چاوەڕوان دەكرێت سبەی یەكشەم 17ی شوبات/ فێبرایەر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیار لەسەر چارەنووسی زیادكردنی باجی گومرگی بەسەر ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی یەدەگی هاوردە بدات لەسەر بنەمای راپۆرتێكی وەزارەتی بازرگانی كە ئەمڕۆ شەموو بۆ كۆشكی سپی رەوانە كراوە و تێیدا پێشنیاز كراوە باج لەسەر ئۆتۆمبێل بكرێتە 25%، بەو پێیەی بوونەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا.

زۆرێك لە كۆمپانیاكانی سێكتەری ئۆتۆمبێل ترسیان لە راپۆرتەكە هەیە، چونكە ئەگەر باج لەسەر ئۆتۆمبێل بەرز بكرێتەوە ئەوا هەزاران دۆلار لە خەرجییەكانی سەر ئۆتۆمبێل زیاد دەبن.

راپۆرتە نهێنییەكە گەیشتووەتە كۆشكی سپی، بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكان، چەندان پێشنیاز بۆ ترەمپ كراوە لە بارەی سێكتەری ئۆتۆمبێل، بەڵام ئەمە نیگەرانییەكی گەورەی لە ئەڵمانیا، ژاپۆن، یەكێتیی ئەوروپا و كۆریای باشوور دروست كردووە بەوەی گەورە وڵاتانی بەرهەمهێنی ئۆتۆمبێلن.

بەرپرسێكی سێكتەری ئۆتۆمبێل پێشبینی دەكات كەمێك باجی سەر ئۆتۆمبێل بۆ بازاڕەكانی ئەمەریكا زیاتر ببێت، رەنگە ئەمەیش وەك كارتێك  بێت بۆ دانوستاندنەكان لەسەر بازرگانی ئازاد لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا و ژاپۆن.

 راپۆرتەكە بەدواداچوونێكی بنكۆڵییە كە وەزارەتی بازرگانی ئەمەریكی لە ساڵی 2018 ئەنجامی داوە لەسەر داواكاری خودی دۆناڵد ترەمپ، ئامانجیش تێیدا هەڵسەنگاندنی هاوردە و هەناردە بووە لەو سێكتەرە و مەترسییەكانی بەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكی.



وشە - فه‌رمان سادق