بڕیارە ئەمڕۆ لە سەرجەم خاڵە سنوورییەكان، بە بەشێوەی ئەلیكترۆنی گومرگ دەست پێ بكاتەوە و بەرپرسێكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان ئاشكرای دەكات، بە لابردنی خاڵە گومرگییەكان بازرگانان و خاوەن كارگەكان ئەركێكی قوڕسیان لەسەرشان لاچوو.
ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی شوبات، بەختیار مەلا ئەحمەد گوتەبێژی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لابردنی خاڵە گومرگییەكان و كاركردن بە یاسا نوێیەكەی وێنەی گومرگی گرنگە و بازرگانان و خاوەن كارگەكان هێندە زیان ناكەن.
گوتەبێژی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان گوتی، پێشتر بە بوونی خاڵی گومرگی لەناوخۆ بارگرانییەكی زۆر لەسەر بازرگانان و خاوەن كارگەكانی ناوخۆ دروست بووبوو و نەیاندەتوانی بەرهەمەكانیان بۆ هەموو شوێنێك بنێرن.
ئاشكرای كرد، لە لابردنی ئەو خاڵە گومرگییانە بازرگانان و خاوەن كارگە ناوخۆییەكان سوودمەندی باش دەبن و لە زیانێكی زۆر پارێزراو دەبن و بەرهەمە ناوخۆییەكان بازاڕ پەیدا دەكەن.
ئەوە لە كاتێكدایە لە دوێنێوە كاركردنی خاڵە گومرگییەكانی نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق وەستاون و بڕیارە ئەمڕۆ دەست بكرێت بە پێناسی گومرگی نوێ لە سەرانسەری خاڵە سنوورییەكان كە بەشێوەی ئەلیكترۆنییە.