پارتی بۆ بڕیاردان كۆ دەبێتەوە

:: AM:09:04:17/02/2019 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ ببێتەوە لەبارەی ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی لە كۆبوونەوەكانی دوو ڕۆژی ڕابردوو كردوویانە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی شوبات، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیی كردوویەتی كۆ دەبێتەوە.

كۆبوونەوەكە لە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هاوینەهەواری پیرمام، بە بەشداریی تەواوی ئەوندامانی مەكتەبی سیاسی دەبێت و ئەگەری هەیە سەرۆك بارزانی سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكە بكات.

هاوكات شەوی ڕابردوو دوای كۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، ڕۆژ نووری شاوێس بۆ میدیاكان گوتی، بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو ڕێككەوتنەی ئەمڕۆ كردوومانە دەگەڕێینەوە بۆ مەكتەبی سیاسی.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی گوتی، كۆبوونەوەكە ڕۆژی یەكشەم دەكرێت و لە بڕیاردانی كۆتایی ئێوارەی ڕۆژی یەكشەم واژووی كۆتایی لەسەر دەكرێت.

دوێنێ‌ لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ماوەی پێنج سەعات لە كۆبوونەوەدا بوون و دوای كۆبوونەوەكەش ڕێككەوتنی كۆتایی نێوانیان ڕاگەیاند بۆ چوار ساڵی داهاتووی حكوومەت.

ماوەی هەفتەیەكە كۆبوونەوە سیاسییەكان بەچڕی دەستیان پێ‌ كردووە و بڕیارە سبەی پەرلەمانی كوردستان كۆ ببێتەوە.



وشە - رامیار جەواد