په‌كه‌كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی كارئاسانی بۆ راوچی ده‌كات
به‌هۆی هاتنی وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه، هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووه‌ته ژێر كاریگه‌ری چه‌ند شه‌پۆلێكی به‌فر و باران، به‌و هۆیه‌وه له ناوچه شاخاوییه‌كانی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی و برادۆست له باكوری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای هه‌ولێر، دیارده‌ی راوكردن زۆر بووه و شه‌و نییه ده‌یان راوچی روو له كوێستانه‌كانی ناوچه‌كه نه‌كه‌ن.
هاتنه خواره‌وه‌ی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ره كێوییه‌كان له چیا سه‌خته‌كان ده‌ستی پێ كردووه، باڵنده و ئاژه‌ڵه‌كان له‌گه‌ڵ شه‌پۆلی به‌فر و سه‌رما دێنه نزیك ئاوه‌دانی و دێهاته‌كان، هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافیی ده‌ڤه‌ری سۆران كه برادۆست و باڵه‌كایه‌تی له‌خۆ ده‌گرێ و خاوه‌نی چه‌ندان چیای سه‌خت دارستانه، وای كردووه ناوچه‌كه له‌بار بێت بۆ ژیانی ئاژه‌ڵ و باڵنده و ئه‌وه‌ی ژینگه‌ی تێكداوه، بۆردمانی فڕۆكه له‌لایه‌ك و راوكردنه له‌لایه‌كی تر.
ئیدریس سه‌عید راوچییه‌كی سیده‌كان، بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "راوی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی له ده‌ڤه‌ری برادۆست به‌رده‌وامه، شه‌وان خه‌ڵكێكی زۆر ده‌چنه راو و به تۆڕ و تاپڕ راوی كه‌و ده‌كه‌ن.
ئیدریس كه خۆیشی خه‌ریكی راوه، نیگه‌رانه له‌وه‌ی زۆر راوچی تاپڕ بۆ راوكردن به‌شێوه‌یه‌كی بێ ویژدانانه به‌كار دێنن و شه‌وان ده‌یان كه‌و ده‌كوژن، ئه‌مه‌ش قڕانی كه‌و دێنێت و له‌وانه‌یه به یه‌كجاری له ناویان ببات .
ئه‌و گوتی "ساڵانێكه راوی كه‌و ده‌كه‌م و خه‌ڵك ده‌مناسێ، هه‌رگیز تاپڕم بۆ راوی كه‌و به‌كار نه‌هێناوه، ویژدانم رێ به‌وه نادات، ئه‌گه‌رنا له ده‌ڤه‌ری ئێمه راوكردنی ئاژه‌ڵ و باڵنده به ئازادی هه‌یه و خه‌ڵك ده‌توانن بچنه راو و كه‌س نییه رێ له راوكردن بگرێت."
به‌گوته‌ی ئه‌و راوچییه، جیا له راوكردنی باڵنده‌ی كێویی جۆری كه‌و، چه‌ند جۆره گیاندارێكی تریش راو ده‌كرێن كه بریتین له كه‌روێشك، سیخوڕ "سوچه‌ڕ"، كوڕبه‌شه، بزن و نێره‌كێوی .
دلێر قادر یه‌كێكی تره له راوچییه‌كان و به پێویستی ده‌زانێ حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی ناوخۆی كوردستان وه‌ك هه‌موو وڵاتان به فه‌رمی له كاتێكی دیاریكراوی ساڵدا رێ به هاووڵاتییان بده‌ن بۆ راو، هه‌موو ئه‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییانه‌ش قه‌ده‌غه بكات كه راوی نایاسایی پێ ده‌كرێت، وه‌ك چۆن كاتێكی دیاریكراوی ساڵ بۆ راوكردنی ماسی دانراوه، بۆ جۆره‌كانی تریش دابنرێت.
"به‌داخه‌وه كه‌و كه یه‌كێكه له باڵنده جوان و كێوییه‌كانی كوردستان، به لێشاو راو ده‌كرێت و حكوومه‌تیش خۆی لێ بێده‌نگ كردووه" دلێر وای گوت.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست "وشه" كه‌وتوون، له ناوچه‌ی خواكوڕك و لۆلان و بێركم و ناوچه سنوورییه‌كانی شاره‌دێی سیده‌كان /144 كیلۆمه‌تر باكوری رۆژهه‌ڵاتی هه‌ولێر/، پارتی كرێكارانی كوردستان كارئاسانی ته‌واو بۆ ئه‌و راوچییانه ده‌كات كه دۆستی خۆیانن و پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵیان هه‌یه.
ئه‌و راوچییانه له كاتی چوونیان بۆ سنووری ژێر ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه، به ئاره‌زووی خۆیان باڵنده و ئاژه‌ڵی كێوی ده‌كوژن.
نادر خاناوده‌ل به‌رپرسی رێكخراوی ده‌ڤه‌ری برادۆست بۆ ژینگه‌پارێزی و گه‌شتوگوزار، بۆ "وشه" گوتی، "دیارده‌ی راوكردنی ئاژه‌ڵ له ده‌ڤه‌ری برادۆست و ناوچه سنوورییه‌كان ده‌ستی پێ كردووه، خه‌ڵك به لێشاو روویان له راوی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی كردووه، دوای راوكردنی كه‌و و ئاژه‌ڵی كێوی، بازرگانیی پێوه ده‌كه‌ن.
به‌گوته‌ی نادر "دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی داعش و چوونی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی پاراستنی ژینگه بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ و كه‌مبوونه‌وه‌ی چاودێری، به‌تایبه‌تی له‌و دوو ساڵه‌ی دواییدا كه‌سانی نابه‌رپرسیار دزه ده‌كه‌ن، هه‌ڵده‌ستن به راوكردنی ئاژه‌ڵی كێوی و تێكدانی هاوسه‌نگی ژینگه" .
زیاتر گوتی، "پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر راوكردنی ئاژه‌ڵی كێوی بێته ده‌نگ و هه‌وڵ بدرێت پێشمه‌رگه‌ی ژینگه بگه‌ڕێته‌وه ناوچه شاخاوییه‌كان تا دیارده‌ی راوكردن كه‌م ببێته‌وه، چونكه كه‌و یه‌كێكه له سامانه هه‌ره گرنگه‌كانی كوردستان و شانازی به‌و سامانه ده‌كه‌ین و له كه‌م وڵات كه‌و بوونی هه‌یه".
له‌لای خۆشیه‌وه موقه‌ده‌م ره‌زا عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی سۆران، به"وشه"ی راگه‌یاند، "راوكردنی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی ته‌نیا به پۆلیس بنبڕ ناكرێت، ئه‌مه پێوه‌سته به رۆشنبیریی خه‌ڵك و ویژدانیان، چونكه ناكرێ هه‌موو چیایه‌كی كوردستان تیمی پۆلیسی بۆ دابین بكرێ تا رێگری له راو بكه‌ن، ژینگه‌ی كوردستان بۆ پۆلیس چۆنه بۆ هاونیشتمانیانیش به‌هه‌مانشێوه‌یه، پێویسته ژینگه‌ی وڵاته‌كه‌یان نه‌شێوێنن، كوردستان به كه‌و و گورگ و ورچ و ئه‌و ئاژه‌ڵه كێوییانه جوان و جیاوازه و سامانی گرنگن" .
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی سۆران ده‌ڵێت، "ته‌نیا له ماوه‌ی رابردوودا 20 كه‌سمان به‌هۆی راوی نایاسایی جۆراوجۆر گرتووه و رووبه‌ڕووی دادگامان كردنه‌وه و سزا دراون، كه‌چی به‌هۆی لێبووردنی گشتییه‌وه زۆربه‌یان بڕیاری لێخۆش‌بوونیان بۆ ده‌رچووه و ماوه‌ی سزاكه‌یان ته‌واو نه‌كرد و ئازاد كران.
به‌گوته‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره، راوكردن له‌و شوێنانه ده‌كرێ كه بنكه‌ی پۆلیسی ژینگه‌ی لێ نییه، دا‌واشیان كردووه پێشمه‌رگه‌ی ژینگه له به‌ره‌كانی جه‌نگ بكشێته‌وه و ژینگه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆران بپارێزن، هه‌رچه‌نده دوو فه‌وجی پێشمه‌رگه‌ی ژینگه له سنووری شارۆكه‌ی مێرگه‌سۆر به بڕیاری سه‌رۆكی حكوومه‌ت گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
موقه‌ده‌م ره‌زا له رێی "وشه"وه داوا له نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كات ره‌زامه‌ندی ده‌رببڕێت له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه بۆ سنووره‌كه‌یان .
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی سۆران ئاشكرای ده‌كات، له ده‌ڤه‌ری برادۆست ته‌نیا 32 پۆلیس بۆ پاراستنی ژینگه هه‌ن و به‌و رێژه كه‌مه ژینگه به باشی نایه‌ته پاراستن.
كه‌و، نێره و مێیه‌ی هه‌یه كه پێی ده‌گوترێ "كه‌و و ماكه‌و"، چه‌ندان جۆری جیاوازی هه‌ن و نرخه‌كه‌ی به‌پێی جۆری كه‌وه‌كه ده‌گۆڕێت، نرخی كه‌و له بازاڕ له 15 هه‌زار دینار ده‌ست پێ ده‌كات تا دوو هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی.
كه‌و زۆر جۆری هه‌یه وه‌ك كه‌وی حه‌بیسی، كه‌وی شه‌ڕ بۆدارا، كه‌وی ربات، كه‌وی ده‌نگخۆش، كه‌وی دووبانگ لاله، كه‌وی ماڵی و كێوی و چه‌ند جۆرێكی تر .
جیا له راوكردنی كه‌و، له هه‌مانكاتدا كه‌روێشك، گورگ، رێوی، باڵنده و جۆره ئاژه‌ڵه‌كانی تر له چیاكان راو ده‌كرێن، به‌شێك له راوچییانی ده‌ڤه‌ره‌كه راو وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی داهات به‌كار دێنن، دوای راوكردنی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌كان، له‌ناو بازاڕی سۆران به ئازادی و به‌نرخێكی زۆر ده‌یفرۆشن، بێ ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت و لایه‌نی پێوه‌ندار رێگرییان لێ بكه‌ن.
سۆران خاوه‌نی چوار شارۆكه و نزیكه‌ی 15 شاره‌دێیه، ناوچه‌یه‌كی شاخاوی و خاوه‌ن رووبه‌رێكی فراوانی كوێستان و چیا و گرده، به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافیایی ساڵانه به‌فرێكی زۆری لێ ده‌بارێت.
باڵنده و ئاژه‌ڵی كێوی له ناو بازاڕی سۆران به ئاشكرا دێنه فرۆشتن
حكوومه‌ت مۆڵه‌تی كاتی به راو بدات و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی قه‌ده‌غه بكات
وشه/ سۆران- مورشید برادۆستی