ئەلێكس فێرگسۆن دەبێتەوە راهێنەری مانچستەر یونایتد

:: AM:09:34:17/02/2019 ‌

یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە راهێنەرەكەی پێشوویان ئەلێكس فێرگسۆن لە مانگی ئایار (پێنج)ی داهاتوو دووبارە ئەركی راهێنەرایەتی تیپەكەیان وەردەگرێتەوە.

فێرگسۆن لە ساڵی 1999 توانیبووی ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد بە دەستبێنێ دوای ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا لە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بردبووەوە.

بە بۆنەی تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر ئەم یارییە، هەردوو یانەكە بڕیاریانداوە رۆژی 26ی ئایاری داهاتوو دووبارە بە ئەستێرەكانی پێشوویان رووبەڕووی یەكتر ببنەوە، لەو یارییەشدا فێرگسۆن دووبارە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی مانچستەر یونایتد وەردەگرێتەوە.

یانەی مانچستەر یونایتد لە ساڵی 1999 بۆ دووەمجار لە مێژووی خۆیدا ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپای بەدەستهێنا دوای ئەوەی توانیبووی لە یاریی كۆتاییدا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە یانەی بایرن میونشن بباتەوە.

لە یارییەكەدا تا خولەكی 90 یانەی مانچستەر یونایتد بە گۆڵێك لە دواوەی یانەی بایرن میونشنەوە بوو، بەڵام دواتر توانی گۆڵی یەكسانبوونەوە تۆمار بكات و دواتریش لە گێمی دووەمی زیادكراودا گۆڵی سەركەوتنیشی تۆمار كرد.

ماڵپەڕی یانەی مانچستەر یونایتد ئاشكرای كرد كە بە بۆنەی تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر ئەم یارییە، رۆژی 26ی ئایاری داهاتوو دووبارە یارییەكی خێرخوازی لەنێوان ئەستێرەكانی هەردوو یانەكە ئەنجام دەدەنەوە.

یارییەكەش لەنێو یاریگەی ئۆڵد ترافۆڕد بەڕێوە دەچێت و داهاتەكەشی دەدرێت بە دەزگای خێرخوازی یانەی مانچستەر یونایتد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م