یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بڕیاریداوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا بە یەكجار هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ هەردوو ئەستێرە و هێرشبەری ئەرجەنتینی ماورۆ ئیكاردی لە یانەی ئینتەر میلان و پاولۆ دیبالا لە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی بدات.
هەرچەندە یانەی مانچستەر یونایتد ئێستا دوو هێرشبەری ئاستبەرزی هەیە كە ئەوانیش ماركۆس راشفۆرد و رۆمیلۆ لۆكاكۆن، بەڵام هەوڵ دەدات بە هێنانی دوو هێرشبەرە ئەرجەنتینییەكە هێڵی پێشەوەی تیپەكەی بەهێزتر بكات.
لۆكاكۆ لەوەتەی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەلجیكا لە مۆندیالی 2018ی رووسیا گەڕاوەتەوە ئەو ئاستەی پێشكەش نەكردووە كە لێی چاوەڕوان دەكرا تەنانەت دوای رۆیشتنی جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالیش.
رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: سەرۆكایەتی یانەی مانچستەر یونایتد بیر لەوە دەكاتەوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ هەردوو هێرشبەری ئەرجەنتینی ئیكاردی و دیبالا بكات.
ئاشكراشی كرد كە لەبەرامبەر كڕینی هەردوو هێرشبەرەكەی یانەی ئینتەر میلان و یۆڤێنتۆس، یانەی مانچستەر یونایتد ناچار دەبێت لۆكاكۆ بفرۆشێت و بە پارەكەی مامەڵەی كڕینی دوو ئەستێرە ئەرجەنتینییەكە بكات.