میسی ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی تۆمار كرد

:: AM:10:57:17/02/2019 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە یارییەكەی شەوی رابردوو بەرامبەر یانەی بەلەد وەلید ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی تۆمار كرد.

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی 24ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە یانەی بەلەد وەلیدی بردەوە.

تاكە گۆڵی یارییەكە لەلایەن لیۆنێل میسی لە رێگەی لێدانی سزا لە خولەكی 43 تۆمار كرا.

بە تۆماركردنی ئەم گۆڵە میسی ژمارەی گۆڵەكانی لە وەرزی ئەمساڵدا لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەكان كردە 30 گۆڵ، بەمەش بووە یەكەم یاریزان لە ماوەی 11 وەرزی یەك لە دوای یەك زیاتر لە 30 گۆڵ تۆمار بكات.

میسی لە سەرەتادا و لە وەرزی 2008-2009 توانیبووی 38 گۆڵ تۆمار بكات، لە وەرزی 2009-2010 ژمارەی گۆڵەكانی كردە 47 گۆڵ.

لە وەرزی 2010-2011 میسی گۆڵەكانی كردە 53 گۆڵ، باشترین وەرزیشی لە 2011-2012 بوو كە توانیبووی 73 گۆڵ تۆمار بكات.

لە وەرزی 2012-2013 ژمارەی گۆڵەكانی كردە 60 گۆڵ، بەڵام لە وەرزی 2013-2014 ژمارەی گۆڵەكانی بۆ 41 گۆڵ دابەزاند، دواتریش لە وەرزی 2014-2015 بوون بە 58 گۆڵ.

لە 2015-2016 ژمارەی گۆڵەكانی میسی بوون بە 41 گۆڵ، لە وەرزی رابردوو 2016-2017ش 54 گۆڵی تۆمار كرد، لە وەرزی رابردووش 45 گۆڵی تۆمار كرد.

بێگومان میسی ژمارەی گۆڵەكانی لە وەرزی ئەمساڵ لە 30 گۆل تێ دەپەڕێنێ، چونكە هێشتا 3 مانگی لە یاریكردنی ئەم وەرزە ماوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م