ریال مەدرید لەبەر ژنەكەی نایەوێ گرێبەست لەگەڵ ئیكاردی بكات

:: AM:11:26:17/02/2019 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رەتی كردۆتەوە هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ ماورۆ ئیكاردی هێرشبەری ئەرجەنتینی و یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی بدات.

هاوینی رابردوو تەنانەت لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی رابردووش دەنگۆی ئەوە هەبوو كە یانەی ریال مەدرید بۆ بەهێزكردنی هێڵی هێرشبەری تیپەكەی گرێبەست لەگەڵ ئیكاردی بكات.

بەڵام رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید رەتیان كردۆتەوە هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ ئیكاردی بدەن، ئەویش بەهۆی خێزانەكەی واندا نارا كە لە هەمان كاتیشدا بەڕێوەبەری كارەكانییەتی.

لەچەند رۆژی رابردوودا یانەی ئینتەر میلان نیشانەی كاپتنی لە ئیكاردی ساندبووەوە و دای بە گۆڵپارێزەكەی سەمیر هاندانۆڤیچ بە هۆی دروستكردنی كێشە و دابەزینی ئاستییەوە.

كێشەكە لەوە سەری هەڵداوە كە ئیكاردی پێداگیری لە بەرزكردنەوەی مووچەی ساڵانەكەی بۆ 8 ملیۆن یۆرۆ دەكات لەگەڵ دیاریكردنی بەهای گرێبەستەكەی، بەڵام بەرپرسانی یانەی ئینتەر داواكەیان رەت كردبووەوە.

بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید پێیانوایە ناتوانن گفتوگۆ لەگەڵ واندا بكەن بۆ ئەوەی لەسەر كڕینی هاوسەرەكەی ئیكاردی رێك بكەون.

ئیكاردی لە هاوینی 2013 لە یانەی سامپدۆریا پەیوەندی بە یانەی ئینتەر میلانەوە كردبوو و وەرزی رابردووش باشترین ئاستی پێشكەش كردبوو كە لە كۆی 36 یارییدا توانیبووی 29 گۆڵ تۆمار بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م