ئۆزێل رەتی كردۆتەوە بچێتە یانەی پاریس سان جێرمان

:: PM:12:22:17/02/2019 ‌

هەرچەندە پەیوەندییەكی خراپی لەگەڵ ئۆنای ئێمری راهێنەری یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی هەیە، بەڵام تا ئێستا مەسعوود ئۆزێلی ئەستێرەی ئەڵمانی رەتی دەكاتەوە یانەكەی جێبێڵێ.

ئۆزێل لەم وەرزەدا لە بەشێكی زۆری یارییەكانی یانەی ئارسناڵ لەلایەن ئێمری راهێنەرەوە فەرامۆش كراوە.

رۆژنامەكانی ئینگلتەڕا ئاشكرایان كرد كە دەستەی كارگێڕیی یانەی ئارسناڵ بڕیاریانداوە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا ئۆزێل بخەنە بازاڕی فرۆشتنەوە.

بەڵام كێشەی سەرەكی یانەی ئارسناڵ لە فرۆشتنی ئۆزێل مووچەكەیەتی كە هەفتانە 350 هەزار پاوەن وەردەگرێ، ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی زۆرێك لە یانە گەورەكانی ئەوروپا خۆ لە كڕینی ئەم ئەستێرەی پێشووی ریال مەدریدی ئیسپانی نەدەن.

رۆژنامەی (زە سەن)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: ئۆزێل بڕیاریداوە ئەگەر دەستەوارەیەكی باشی ئاراستە نەكرێ تا تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەكەی كە هاوینی 2021 لە ریزی یانەی ئارسناڵ بمێنێتەوە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە ئۆزێلی تەمەن 30 ساڵ رەتی كردۆتەوە لە وەرزی داهاتوو روو لە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بكات، بەڵكو حەز دەكات هەر لە خولی ئینگلیزی بمێنێتەوە.

جگە لەوەش چەند یانەیەكی خولی تۆپی پێی چینیش ئامادەیی خۆیان پێشاندابوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئۆزێل، بەڵام ئەو رەتی دەكاتەوە بچێتە ئەم خولەی ئاسیاش.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م