سەدر 50 رۆژە تویتی نەكردووە.. هۆكارەكەی ئاشكرا دەكرێت

:: PM:01:58:17/02/2019 ‌
50 رۆژ تێدەپەڕێت و موقتەدا سەدر كە پێشتر رۆژانە زیاتر لە دوو تویتی دەكرد، تا ئێستە نەیكردووە، پەرلەمانتارێكی سائیروونیش دەڵێ، سەدر ئامانجەكەی خۆی پێكاوە و لە كاتی پێویستیش تویت دەكات.

لە راپۆرتێكی دا، رۆژنامەی "ئیندپێنتت"ی بەریتانی كە ئەمڕۆ یەكشەم 17ی شوبات/ فێبرایەر، بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەدات كە موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون ماوەی 50 رۆژە هیچ تویتێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نەكردووە، دوای ئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی لە كاندیدێكی سەر بە ئێران رزگار كرد و بەرانبەر بە هەژموونی ئەو وڵاتە وەستایەوە.
رۆژنامەكە دەڵێ دوای چالاكییەكی زۆر لە مانگی ئایاری رابردوو، تا كاتی دانوستاندێكی ماراسۆنی بۆ پێكهێنانی حكوومەت، سەدر بە تویتەكانی هەمیشە مشتومڕی لە ناوەندە سیاسییەكان دروست دەكرد، بەڵام دوای دەستنیشان كردنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، وردە وردە تویتەكانی سەدریش كەم بوونەوە و ئێستەش ماوەی 50 رۆژە هیچ تویتێكی نەكردووە.

سەدر، كە تویتەری كردووە بە مینبەری فەرمی خۆی بۆ دەربڕینی بۆچوونە سیاسییەكانی و هێرش كردنە سەر نەیار و ركابەرانی، ئێستە بووەتە مینبەرێكی سیاسی، ئەوەی مەبەستی بوو لە پێكهێنانی حكوومەت بە دەستی هێناوە.

نزیكەكان لە سەدر دەڵێن، سەدر توانی كەسایەتیەكی سیاسی سەربەخۆ بكاتە سەرۆك وەزیران، سەركەوتوو لەوەی پۆستی وەزارەتی ناوخۆش نەدرێت بە فالح فەیاز، ئەو دوو ئامانجەی بەدی هاتووە، كۆكن لەسەر ئەوەی سەدر تاكە كەسە بتوانێت بەرەنگاری هەژموونی ئێرانی لە عێراق ببێتەوە.
ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رۆژنامەكە كردووە، ناوەكانیان ئاشكرا نەكراوە و بە كەسانی نزیك لە سەدر ناسێنراون، دەڵێن سەدر رۆڵی یەكلا كەرەوەی هەبووە لەوەی عەبدولمەهدی بكرێتە سەرۆك وەزیران، ئەوەش دەخەنەڕوو بەشی زۆری تویتەكانی سەدر لەم ماوەیەدا دووپات كردنەوە بووە لەوەی بڕیاری سیاسی لە عێراق دەبێت عێراقییەكان بیدەن نەك ئێران، گوتی "دوای ئەوەی دڵنیا بوو فەیاز ناكرێتە وەزیری ناوخۆ، تویتەكانی كەم كردنەوە، ئەمەش وەك سەركەوتنێكی ستراتیجی لێك دەدرێتەوە".
 
رائد فەمی سەركردە لە هاوپەیمانی سائیروون دەڵێ لە ماوەی دوو مانگدا سەدر ئاراستە سەرەكییەكانی حكوومەتی داهاتوو دەستنیشان كرد و وردەكاریشی بۆ لیژنەكان جێهێشت، گوتی "سەدر بەردەوامە لە چاودێری حكوومەت بەڵام نایەوێت دەستوەردان بكات تەنیا لەو كاتەی كە پێویست دەكات".



وشە - فه‌رمان سادق