روانگەی عێراقی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ: لە بەغدا 15 تۆڕ بازرگانی بە مرۆڤ دەكەن

:: PM:02:56:17/02/2019 ‌
روانگەی عێراقی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ  ئاشكرای دەكات كە 15 تۆڕی بازرگانی بە مرۆڤ لە بەغدا و پارێزگاكانی تری باشوور بڵاو بوونەتەوە، كاریان لەشفرۆشییە بە ژنان و سواڵكردنە بە پیاوانی بە تەمەن و بازرگانی بە فرۆشتنی جەستەی مرۆڤیش دەكەن.

لە نوێترین راپۆرتیدا كە ئەمڕۆ یەكشەم بڵاوكراوەتەوە،   روانگەی عێراقی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ  ئاماژەی بە هەبوونی 15 تۆڕی بازرگانیكردن بە مرۆڤ دەكات لە بەغدا و شارەكانی باشووری عێراق، روونی دەكاتەوە ئەوانە كاری لەشفرۆشی بە ژنان و سواڵكردن بە تەمەنەكان و فرۆشتنی جەستەی مرۆڤ دەكەن.
روانگەی عێراقی كە بە بەڵگەوە ژمارەی ئەو كەسانەی بڵاوكردووەتەوە لە نێوان 20ی كانوونی یەكەمی 2018 تا 30ی كانوونی دووەمی 2019، بوونەتە قوربانی كاری ئەو 15 تۆڕە، دەڵێ ئەمە بووتە دیاردەیەكی بڵاو لە بەغدا و شارەكانی تر، هەموو ئەو تۆڕانەش كارەكانیان لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە هەژماری ساختە بەڕێوە دەبەن.
  
وەک خستیەڕوو "دوو تۆڕ لەو 15 تۆڕە، دەڵێ نووسینگەیان لە بەغدا و هەولێر هەیە، دواتر ئاشكرا بووە كە نووسینگەیان نییە، ئەوان كاری هێنانی كرێكاری بیانی دەكەن لە وڵاتانی ئۆگەندا و تەنزانیا و هیندستان و بەنگلادیش بۆ بەغدا بە رێگەی نا یاسایی، یەكێك لە كرێكارە بەنگالییەكان كە لە عێراقەوە بەرەو توركیا رای كردووە، دەلێ تۆڕەكانی بازرگانی بە مرۆڤ هەموویان هی بەرپرسە سیاسییەكانن".
زیاتر گوتی "چوار تۆڕ لە بەسڕە هەن، سواڵ بە كەسانی بە تەمەن دەكەن، ناچاریان دەكەن زیاتر لە 10 سەعات لە شەقامەكانی ئەو شارە بە بەردەوام بگەڕێن و سواڵ بكەن، تەنانەت خواردنیشیان پێ نادەن".

  روانگەی عێراقی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤ ، هێما بۆ پارێزگای زیقاڕ دەكات كە لەوێ مناڵان راو دەنرێن و كاری مناڵبازییان پێ دەكرێت بەبارنبەر بە 200 دۆلار، كە هەر هەموویان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵی دایە، داواش لە لایەنە پەیوەندارەكان دەكات كە بەرەنگاری تۆڕەكانی بازرگانی بە مرۆڤ ببنەوە و چارەسەری هۆكارەكانی سەرهەڵدانی بكەن لە رێگەی جێبەجێ كردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی كردن بە مرۆڤی ساڵی 2012 و بكەرانی بە توندترین شێوە سزا بدەن.
 



وشە - فه‌رمان سادق