" سوپای ئەمەریكا بە راوێژ لەگەڵ هاوپەیمانان لە سووریا دەكشێتەوە"

:: PM:03:49:17/02/2019 ‌
نێردەی تایبەتی ئەمەریكا رای دەگەیەنێت، سوپای وڵاتەكەی لە سووریا بە خێرایی ناكشێتەوە كە هەندێك چاوەڕوانی دەكەن، بەڵكو بە راوێژی ورد لەگەڵ هاوپەیمانی ئەو پرسە تاوتوێ دەكات و بڕیاری لە بارەوە دەدات.

جیمس جیفری نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا، ئەمڕۆ یەكشەم لە میانەی بەشداری لە رۆژی سێیەم و كۆتایی كۆنگرەی ئاسایشی میونشن، ئاماژەی بە كشانەوەی سوپای وڵاتەكەی لە سووریا كرد، ئەوەی خستەڕوو سوپای ئەمەریكا بەو خێراییەی چاوەڕوان دەكرێت ناكشێتەوە، بەڵكو هەنگاو بە هەنگاو پڕۆسەی كشانەوەكە ئەنجام دەدات.

لە بارەی پرسی پێكهێنانی ناوچەی ئارامیش لەسەر سنووری نێوان سووریا و توركیا و چارەنووسی هەسەدە كە زیاتر یەكینەكانی پاراستنی گەل بڕیار بە دەستن تێیدا، جیفری لەگەڵ ئاكار خڵوسی وەزیری بەرگری توركیا ناكۆك بوون، بەلای ئەمەریكا ئەو هێزە هاوپەیمانە و لە شەڕی دژ بە داعش، ئەمەش وایكردووە ئەمەریكا پشتگیری بكات و چەكی پێ بدات، بەڵام بەلای توركیا وەك وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە هێمای بۆ كرد، هیچ "جیاوازییەكی نییە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش" دەڵێ، بەڵای توركیا ئەوەی گرنگە پاراستنی سنوور و ئاسایشی نەتەوەیی توركیایە، ئەمەیش كۆتایی پێهێنانی تیرۆریستانە لە سووریا جا چ داعش بێت یان یەكینەكانی پاراستنی گەل.

نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا، ئەوەیشی خستەڕوو كە كشانەوەی سوپای ئەمەریكا بە راوێژی ورد دەبێت لەگەڵ هاوپەیمانی لە سووریا.

قسەكانی جیفری لە كاتێكدایە دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژەیدا كە لەگەڵ ئەوروپییەكان گفتوگۆ لەسەر پرسی چوونی سوپای ئەوروپی بۆ سووریا دەكەن بۆ شوێنگرتنەوەی سوپای ئەمەریكا، هاوكات هەر لە كۆنگرەی میونشن، ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا رەخنەی لە كشانەوەی خێرای سوپای ئەمەریكا لە سووریا گرت، بەڵام فلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا داوای چوونە دەرەوەی سوپای ئەمەریكا لە سووریا دەكات.



وشە - فه‌رمان سادق