یەكگرتوو لەسەر كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمان خۆی یەكلا كردەوە

:: PM:04:25:17/02/2019 ‌
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە بڕیاریداوە ئۆپۆزسیۆن بێت لە چوارساڵی داهاتووی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان لەبارەی كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی كوردستان خۆی یەكلا كردەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ی شوبات، شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، فراكسیۆنەكەیان بڕیاریداوە كە بەشداری لە كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی كوردستان بكات و گوشار دەكات بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان دەست پێ بكاتەوە.

ڕوونیشی كردەوە كە ناكرێت چیتر پەرلەمان كۆبوونەوەكانی بەمشێوەیە بەكراوەیی بمێنێتەوە، بۆیە بڕیاریان ئەوەیە كە سبەی بەشدار دەبن لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان.

بڕیارە سبەی پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێ‌ هەروەك وەك بڕیاری لێ‌ دراوە سەرۆكی پەرلەمان دەدرێتە یەكێتی و جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتی دەبێت، هاوكات جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانیش بەر پێكهاتەی توركمان دەكەوێ‌.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم