بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی گوشارەكان لەسەر عەبدولمەهدی زیاد دەكرێ‌

:: PM:05:03:17/02/2019 ‌
زۆرێك لە سیاسی و نووسەران لە پەڕەی تایبەتی خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێكیان دەست پێ كردووە و داوا لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەكەن بوێرانە بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە بە تایبەت لە ئاستی باڵای سەركردەی حزبە سیاسییەكان، دەڵێن، بە ملیاران دۆلاری عێراقیان دزیوە.

تویتێكی عزت شابەندەر كەسایەتی سیاسی شیعەی عێراقی، هەرا دەنێتەوە، كاتێك داوای لە عادل عەبدولمەهدی كرد كە دەست بكات بە لێدان لە سەری گەندەڵكارە گەورەكان و لە سێكتەری خانووبەرەوە با دەست پێ بكات.

ئەو تویتەی ناوبراو، دەیان تویتی تری بەدوا هات لە ئاستی كەسایەتییە سیاسی و نووسەران و رۆشنبیران، داوا لە سەرۆك وەزیران دەكەن بڕیاری بوێرانە بدات تا بتوانێت دژی گەندەڵكاران بوەستێتەوە لە سەركردەی حزبە سیاسییەكان كە ملیاران دۆلاری عێراقیان دزیوە و هەموو رێگەیەكیش بەكار دەهێنن بۆ زیاتر دزینی سامانی گشتی.

ئەوان داوا لە عەبدولمەهدی دەكەن بە گرنگەوە بڕوانێتە ئەو دۆسیەیە و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێك بهێنێت بۆ لێكۆڵینەوە لەگەڵ گەندەڵكاران و ئاشكرا كردنی ناوەكانیان و هیچ رێزێكیش بۆ پلە و پۆستەكانیان دانەنێت، تا عێراقییەكان بزانن كە ویستێكی راستگۆیانە هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و تایفەگەرایی و پشك پشكێنە.
 
یەكێك دەڵێ، ئەوە تاقیكردنەوەیەكی راستەقینەیە بۆ عەبدولمەهدی و پێویستە سەركەوتوو بێت، تەنانەت دەتوانێت پەنا بباتەبەر پۆلیسی ئینتەرپۆل و رێكخراوە كانی نێودەوڵەتی بۆ ئاشكرا كردنی هەژماری بانكی ئەو گەندەڵانە.

بەڵام هەندێك پێیان وایە عەبدولمەهدی سەركەوتوو نابێت لە سەركردایەتی كردنی عێراق بەو سیستەمەی ئێستە كە هەیە و پشت ئەستوورە بە پشك پشكێنە و ئەجێندای دەرەكی، جگە لەمەیش سەرە گەورەكانی گەندەڵی هەموویان لیستی پەرمانیان هەیە و لەوێ بوونیان هەیە.

دكتۆر ئەیاد حەمزە یەكێكی ترە لەوانەی نووسیویەتی و داوا دەكات لە بانكی "زویە" دەست پێ بكات، بەڵام نەجم قەساب چاودێری سیاسی دەڵێ، لە هەمووی گرنگتر دادگەری كۆمەڵایەتییە و پێویستە لەو خانەوادانە بدرێت كە جومگەكانی دەوڵەتیان مۆنۆپۆڵ كردووە.


دكتۆر ویساڵ دلێمی نووسەر دەڵێ، هەموو ئەو ئاواتانە پێویستی بە بوێرییەكی گەورە هەیە نەك تەنیا دروست كردنی لیژنە، بەڵكو دەبێت لیستێكی گەورەی پەرلەمانی هەڵمەتەكە بەڕێوە ببات و هێزە تەناهییەكانیش بیان پارێزن، دەپرسێ: ئایا زەمینەسازی بۆ ئەو هەنگاوە هەیە؟.

جێی باسە عادل عەبدولمەهدی ئەنجوومەنی باڵای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی راگەیاند و ئێستە 13 هەزار دۆسیەی گەندەڵی لە بەردەست دەستەی دەستپاكییە.



وشە - فه‌رمان سادق