ئەمەریكا.. دیواری مەكسیك مەبەست و لێكەوتەكانی

:: PM:06:07:17/02/2019 ‌

ئێستە دۆخی ئەمەریكا كەوتووەتە ناو دۆخێكی فریاگوزاری، ئەوە دواهەمین قسەكانی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بوو كە داوای پارەداركردنی دروستكردنی دیوارێكی جیاكەرەوەی لە نێوان ئەمەریكا و مەكسیك كردبوو، ئەو داوایەی بووەتە تەحەدایەك لە نێوان تڕەمپ و كۆنگرێس و دیموكراتەكان كە رەنگە ئەو وڵاتە رابكێشێتە ناو ئاڵۆزی زیاتر.

هەینی رابردوو ترەمپ بەر لە ماوەیەكی كەم لە كۆتاهاتنی وادەی تیایدا پەسندكردنی یاسایەكی بۆ بنیاتنانی دیوارەكە دیاری كردبوو، ئەو رای گەیاند كە ئەو پڕۆژە یاسایەی دیموكرات و كۆمارییەكان لە كۆنگرێس لەسەری رێككەوتوون واژووی دەكات، بەڵام واژووەكەی راگەیاندنی باری فریاگوزاریش لە ئەمەریكا دەگرێتەوە بۆ دابینكردنی خەرجی دروستكردنی دیوارەكە لەگەڵ مەكسیك كە یاسای بودجە خەرجییەكانی نەگرتە ئەستۆ.

زیاتر گوتی، واژوو لەسەر دۆخی فریاگوزاری دەكەین و ئەوەیش شتێكی گەورەیە، چونكە ئێمە رووبەڕووی دۆخێكی داگیركاری لەو سنوورە دەبینەوە لە رووی مادەی هۆشبەر و چەتە و باند و هاتنی خەڵكەوە و ئەوەیش قبووڵكراو نییە، واتە هاتنی نایاسایی مەكسیكییەكان لە رێگەی سنوورەكانی باشووری ئەمەریكا، بۆیە راستەوخۆ واژوو لەسەر نووسراوەكان دەكەم، ترەمپ دەیەوێت لەو رێگەوە هەشت ملیار دۆلاری خەرجی دروستكردنی دیوارەكەی بۆ دابین بكرێت، كە بەو شێوەی ئێستە لە بودجەی دیاریكرداو بۆ هەردوو وەزارەتی بەرگری و گەنجینەی ئەمەریكا تەرخان دەكرێت، جیا لەو ملیار و  375 ملیۆن دۆلار كە لەلایەن كۆنگرێس بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەكان تەرخان كراوە، بەڵام ئەو پلانەیش بێ كێشە نابێت.

شارزایان دەڵێن، ئێستە ململانێكە لەسەر دەسەڵاتە یاساییەكانی ترەمپە كە ئەو دەڵێت دەسەڵاتی یاسایی هەیە، بەڵام كۆنگرێسیش چەند بژارەیەكی هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ترەمپ، كە ئەوەیش وا دەگەیەنێت ئەو پرسە لە دادگا كۆتایی دێت، بەڵام جەنگی گشتی لەناو كۆنگرێس دەكرێت و دوای ئەوە دەچێتە دادگای فیدراڵ.

راستە دەستووری ئەمەریكا دەسەڵاتی راگەیاندنی دۆخی فریاگوزاری دەداتە سەرۆكی وڵات بێ ئەوەی روونی بكاتەوە دۆخەكە چییە، كە پێشتر 59 جار هاتووەتە راگەیاندن، بەڵام ئەوجارەیان رووبەڕوو دەسەڵاتێكی كۆنگرێس دەبێتەوە بەدانانی بودجەی دەزگاكانی حكوومەت، جیا لەوەی ئەو هەنگاوە دەرگە لەبەردەم سەرانی كۆماری دەكاتەوە لە داهاتوو بۆ وەرگرتنی هەمان هەنگاو بۆ تێپەڕكردنی ئەجینداكانیان، كە دیموكراتەكان بە روونی ئاماژەیان بۆ ئەو خاڵە كرد لەكاتی راگەیاندنی رووبەڕووبوونەوەی ترەمپ لە دادگادا.

راگەیاندنی دۆخی فریاگوزاری لە ئەمەریكا رێوشوێنێكی نائاساییە ترەمپ پەنای بۆ بردووە بۆ دابینكردنی خەرجی دروستكردنی دیوارێك لە باشووری ئەمەریكا لەگەڵ مەكسیك كە یەكێكە لە گرنگترین بەڵێنەكانی هەڵبژاردنی، ئەو بەو رێگەیە دەیەوێت لەسەر كۆنگرێس باز بدات بۆ بەدەستهێنانی ئەو بڕە پارەیە بۆ رێگرتن لە هاتنی زیاتری پەناخوازان، كە ئەو لەو رێگەیە دەتوانێت زیاتر لە شەش ملیار دۆلاری دەست بكەوێت لە بودجەی فیدراڵی بۆ دۆخی فریاگوزاری كە زیاترینی بۆ پنتاگۆن تەرخان كراوە.

بەپێی پنتاگۆن زیاتر لە سێ ترلیۆن دۆلار لە بودجەی تەرخانكراو بۆ دامەزراندنی دامەزراوەی سەربازی بۆ ئەو كارە تەرخان دەكرێت و ئەوەی تریشی لە بودجەی تەرخانكراو بۆ پنتاگۆن بۆ نەهێشتنی چالاكی مادەی هۆشبەر تایبەت دەكرێت، بۆیە وەزیری بەرگری دەسەڵاتی هەیە بۆ خەرجیكردنی ئەو پارەیە لە دۆخی فریاگوزاریدا.   

یاسای باری فریاگوزاری نیشتیمانی بۆ ساڵی 1976 دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا جیرارج فۆرد كە ئەو كات بە مەبەستی رێگرتن لە سەپاندنی باری فریاگوزاری كراوە و بەهێزكردنی دەسەڵاتەكانی كۆنگرێس لە چاودێریكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك لەو دۆخە نائاساییە هاتە بڕیاردان، بۆیە لەو ساتەوە تا ئێستە زیاتر لە 50 جار راگەندراوە لەوانەیش لەكاتی هێرشەكانی سێپتێمبەر لە 2001 و تەنگژەی بارمتەكانی ئەمەریكا لە ئێران لە 1979دا. كە سەرۆكی وڵات رای دەگەیەنێت و دەسەڵاتی تایبەتی بۆ فەراهەم دەكات.

كۆنگرێسی ئەمەریكا دەتوانێت بە سەپاندنی دۆخەكە رازی نەبێت بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران و تێپەڕاندنی ڤیتۆی سەرۆكایەتی، بۆیە دوای راگەیاندنی ترەمپ بۆ دۆخی فریاگوزاری پێشبینی دەكرێت ئەنجوومەنی نوێنەران كە دیموكراتەكان كۆنترۆڵی دەكەن پڕۆژە بڕیارێكی دژ بەو راگەیاندنە تێپەڕ بكەن، كە پێویست دەكات لە ئەنجوومەنی پیراندا بخرێتە دەنگدان كە كۆمارییەكان كۆنترۆڵی دەكەن، بەڵام بەشێك لە كۆمارییەكان خۆیان قەناعەتیان بەو هەنگاوەی ترەمپ نییە.  

گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی"، لە راپۆرتێكیدا دەڵێت، ترەمپ تاوتوێی پشتبەستن بە پارەی تەرخانكراو بۆ سوپا بۆ دروستكردنی دیوارەكە دەكات، كۆنگرێس پێی وایە پنتاگۆن 21 ملیار دۆلاری لەبەردەستە كە سەرۆك دەتوانێت بەكاری بێنێت.

بەپێی زانیارییەكان تێچووی دروستكردنی دیوارەكە هەشت ملیار دۆلاری ئەمەریكاییە كە سەرەتا باجدەرانی ئەمەریكا قورساییەكەی دەكەوێتە سەر شانیان كە دواتر مەكسیك پێویستە هەموو تێچووی دروستكردنی دیوارەكە بداتەوە ئەمەریكا، ئەگەرچی مەكسیك رازی نییە. دیوارەكە بە درێژایی 1600 كیلۆمەترە لە كۆی سێ هەزار و 200 كیلۆمەتر كە درێژایی سنووری نێوان هەردوو وڵاتە، بەڵام بەهۆی بەرزی و نزمییەوە ئەو درێژاییە كەم بووەتەوە.






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل