هیزەر نویرت دەچێتە لیستی هەڵاتووەكان لە دەستی ترەمپ

:: PM:06:22:17/02/2019 ‌
دوای ئەوەی كاندید كرا بۆ نوێنەری ئەمەریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان، هیزەر نویرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە هۆكاری خانەوادەیی لە وەرگرتنی ئەو پۆستە دەكشێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ی شوبات/ فێبرایەر، هیزەر نویرت گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و كاندید بۆ بوون بە نوێنەری ئەمەریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان، بە فەرمی كشانەوەی خۆی لە وەرگرتنی ئەو پۆستە راگەیاند.

نویرت، لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كاندید كرا بۆ نوێنەری ئەمەریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان لە جێگەی نیكی هایلی، گوتی "سوپاسی سەرۆك ترەمپ و پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە دەكەم كە ئەو متمانەیەیان بە من داوە، بەڵام لە دوو مانگی رابردوودا زۆر بە خانەوادەكەم ماندوو بوومە، بۆیە بۆ بەرژەوەندی خانەوادەكەم لە وەرگرتنی ئەو پۆستە دەكشێمەوە".

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە حەوتی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەری 2018، نویرتی كاندید كرد بۆ وەرگرتنی پۆستی نوێنەری ئەمەریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان لە جێگەی هایلی، ئەوكات گوتی "نویرت كارێكی زۆر باشی لە وەزارەتی دەرەوە كردووە و بەهرەمەند و زۆر زیرەكە، بۆیە هەست دەكەم كاندید كردنی لەلایەن هەمووانەوە رێزی لێ دەگیردرێت".

ئەگەرچی لەو كاتەی نویرت كاندید كرا، زۆرێك رەخنەی توندیان لە ترەمپ گرت بەوەی كەسێكی كاندید كردووە كە شارەزایی كەمی هەبووە، هیچ كات بەرپرسیاریەتی هەڵ نەگرتوە، هاوكات جێگری راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكاش رای گەیاند كە نویرت توانای لە ئەستۆ گرتنی ئەو پۆستەی نییە، بەڵام ترەمپ پێداگیر بوو، بۆیە ئێستە شارەزایان دەڵێن كشانەوەی نویرت گورزێكی كوشندە بوو بۆ ترەمپ.

كشانەوەی نویرت، لە كاتێكدایە پێشتریش كریس كریستی حاكمی پێشتری ویلایەتی نیوجێرسی رەتی كردەوە پۆستی گەورە فەرمانبەری كۆشكی سپی لە جێگەی جۆن كیلی وەرگرێت، جگە لەمەش تا ئێستە وەزارەتی بەرگری بێ وەزیرە و بە وەكالەت بەڕێوە دەچێت، پێش ئەویش وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ بە وەكالەت بەڕێوە دەچوو.

نویرت لە بەیاننامەكەیدا لە بارەی كشانەوەی لەو پۆستە، ئەوەی روون نەكردەوە كە وەك گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە دەمێنێتەوە یان نا.



وشە - فه‌رمان سادق