توركمان یەكلا نەبوونەتەوە.. دوو كاندید ركابەری بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن

:: PM:06:58:17/02/2019 ‌
فراكسیۆنە توركمانییەكان لە نێوان خۆیان لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن و دوو كاندیدیان دەبێت و لە پەرلەمان بە دەنگدان یەكلایی دەبێتەوە. پەرلەمانتارێكیش دەڵێ، گرنگ ئەوەیە ئەو پۆستە بۆ ململانێی سیاسی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەكار نەهێنرێت.

چاوەڕوان دەكرێت سبەی سەعات 11ی پێش نیوەڕۆ، پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی هەڵپەسێردراوی خۆی تەواو بكات بە مەبەستی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە ئەوەی تا ئێستە یەكلا بووەتەوە، سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، جێگری یەكەم بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێمن هەورامی كاندیدە و جێگری دووەم بۆ پێكهاتەی توركمان دەبێت كە مونا قەهوەچی و محەمەد سەعدەدین كاندیدن.

یەكێتیی نیشتمانی كوردستان تا ئێستە بە فەرمی لە نێوان رێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانی، یەكلای نەكردووەتەوە كە كامیان دەبنە سەرۆكی پەرلەمان، پێكهاتەی توركمانیش زیاتر لە كاندیدێكی هەیە.

ئایدن مەعرووف سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی بۆ "وشە" ئاماژەی دا كە فراكسیۆنی بەرەی توركمانی كاندیدیان بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان نابێت، بە ناڕاستەوخۆ هێمای بۆ ئەوە كرد كە چاویان لە وەرگرتنی پۆستە لە كابینەی حكوومەت.

ئایدن مەعرووف، لەگەڵ ئەوەدایە توركمان یەك كاندیدیان هەبێت، گوتی "بەڵام تائێستە هەردوو كاندید پێداگیرن و ئەمشەویش هیچ كۆبوونەوەیەك بۆ یەكلا كردنەوەی ئەنجام نادرێت، مەگەر بەیانی پێش كۆبوونەوە ئەو پرسە یەكلا ببێتەوە".

ئەگەر پێكهاتەی توركمان تا سبەی سەعات 11، نەتوانن لەنێوان خۆیان رێككەوتن بكەن، ئەوا هەردوو كاندیدەكە بە دەنگی ئەندامانی پەرلەمان یەكێكیان دەبنە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلوولی رابردوو ئەنجامدرا، ئەندامانی خولی پێنجەم لە شەشی تشرینی دووەم، سوێندی یاساییان خواردووە، چاوەڕوان دەكرێت سبەی كۆتایی بە كۆبوونەوەی هەڵپەسێردراوی یەكەمی پەرلەمان بهێندرێت بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.



وشە - فه‌رمان سادق