دیموكراتەكان داوای ئاشكرای كردنی پێوەندییەكانی ترەمپ و پوتین دەكەن

:: PM:07:01:17/02/2019 ‌
لە كاتێكدا هێشتا رۆبەرت مۆلەر راپۆرتەكەی لە بارەی هەڵبژاردنی 2016ی ئەمەریكا و بوونی پێوەندی نێوان ترەمپ و رووسیا، ئاشكرا نەكردووە، دیموكراتەكان لەسەر شاردنەوەی ناوەڕۆكی دیدارەكانی ترەمپ و پوتین، هەنگاویان هەڵگرتووە تا كۆشكی سپی ناچار بكەن بە ئاشكراكردنی.

ئادەم شیف سەرۆكی لیژنەی هەواڵگری و ئیلیوت ئینجیل سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە كۆنگرێسی ئەمەریكا، ئاماژە بەوە دەدەن لە هەوڵدان لەگەڵ دۆگلاس لتر راوێژكاری كۆنگرێس بۆ دۆزینەوەی باشترین رێكاری یاسایی تا كۆشكی سپی ناچار بكرێت ناوەڕۆكی كۆوبونەوەكانی ترەمپ لە رابردوودا لەگەڵ فلادیمێر پوتین ئەنجامی داوە، ئاشكرا بكەن.

شیف گوتی "لەگەڵ راوێژكاری كۆنگرێس كۆبوونەتەوە و وەرگێڕی كۆشكی سپیشیان بانگهێشت كردووە تا لەبەردەم كۆنگرێس گەواهی بدات لەسەر ناوەڕۆكی قسەكانی ترەمپ و پوتین". زیاتر گوتی "دیموكراتەكان هەمیشە بەدوای ئەوەوەن كە ترەمپ لە بارەی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ پوتین دەیشارێتەوە".

هاوكات ئینجل هێمای بۆ ئەوە كرد، ناكرێت سەرۆك زانیارییەكان بشارێتەوە و ئەمەش كارێكی نا شەفافانەیە و جێی نیگەرانییە، گوتی "سەرۆكی بۆی هەیە تەنیا قسەكانی لەگەڵ ئەندامانی كابینەكەی و یاریدەرانی بەنهێنی بهێڵێتەوە، بەڵام ناكرێت ئەوەی لەگەڵ سەركردەكانی دنیا باسی دەكات بیشارێتەوە".

جێی باسە دوای ئەوەی دیموكراتەكان لە هەڵبژاردنی رابردوو زۆرینەی كۆنگرێسیان بە دەستهێنا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكایان كردووەتە ئامانج، تەنانەت بەدوادواچوون لە ورد و درشتی كاری رۆژانەی ترەمپ دەكەن.

دۆناڵد ترەمپ دوای بوونی بە سەرۆكی ئەمەریكا پێنج جار لەگەڵ فلادیمێر پوتین دانیشتنی تایبەتی هەبووە، دیارترینیان لووتكەی هێلسنكی بوو.



وشە - فه‌رمان سادق